ترەمپ داوا لە نەتەنیاهوو دەکات هێرشەکانی سەر لوبنان کەمبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان کەم بکاتەوە، ئەوەش لەپێناو رێگریکردن لە تێکچوونی ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئێران رێککەوتنی لەسەر کراوە. 
 
کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپەوە بڵاویکردەوە، ئەو داواکارییەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە، کە دوێنێ چوارشەممە ئەنجامدراوە؛ ئەمەش تەنیا ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی نەتەنیاهوو بە ئاشکرا گوتبووی، کە بەردەوام دەبن لە لێدانی لوبنان.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ رایگەیاندبوو کە ئیسرائیل رازی بووە "خۆی کۆنتڕۆڵ بکات" لە لوبنان، تاوەکو دەرفەت بە سەرکەوتنی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران بدرێت. بەڵام هەر دوێنێ چوارشەممە، ئیسرائیل چڕترین و گەورەترین هەڵمەتی بۆردوومانی لە لوبنان ئەنجامدا لەوکاتەوەی جەنگی ئێران دەستیپێکردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، واتە رۆژێک دوای داواکارییەکەی ترەمپ، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردوومانکردنی لوبنان، هەرچەندە چڕیی هێرشەکان بەراورد بە رۆژی پێشتر کەمێک کەمتر بووەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، چەندین کۆگای چەک، سەکۆی هاویشتنی مووشەک و بنکەی سەرەکیی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان پێکاوە.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، کە نەتەنیاهوو فەرمانی بە کابینەی حکومەتەکەی داوە دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ لوبنان دەستپێبکەن؛ ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانیش "چەککردنی حیزبوڵڵا" و "دروستکردنی پەیوەندییەکی ئاشتییانەیە".
 
خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لەوەدایە، کە ئیسرائیل و ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، کە لوبنان بەشێک نییە لەو ئاگربەستەی لەگەڵ ئێران کراوە، بەڵام پێداگریی دەکات لەوەی کە دەبێت ئاگربەستەکە لوبنانیش بگرێتەوە.