ترەمپ بۆ رووداو: چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکەین و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی ئازادی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی نامەیەک لە ئێرانەوە دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر (پڕۆژەی ئازادی) و هەنگاوی دیکەش دەنێن.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی بەڕێکەوتنی لە کۆشکی سپییەوە بۆ ویلایەتی ڤێرجینیا، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و چارەنووسی (پڕۆژەی ئازادی) قسەی کرد.
لەسەرەتای قسەکانیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی وەڵامی فەرمی تاران دەکەن و گوتی، "ئەوان [ئێرانییەکان] نامەیەکمان بۆ دەنێرن، پێدەچێت ئەمشەو بگات. با بزانین چۆن دەبێت."
سەبارەت بەوەی تا چەند گەشبینە بە وەڵامی ئێران بۆ پێشنیازەکانی واشنتن، سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پێگەی ئێستای ئێران کرد و گوتی، "با بزانین چی روودەدات، سەیرکە ئەوان سوپایان نەماوە و بەنزیکەیی هیچ شتێکیان نەماوە."
قسەکانی ترەمپ لەکاتێکدان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تارانە بۆ ئەو پێشنیازانەی مەبەست لێیان کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لەنێوان هەردوولادا دروست بووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چاوەڕێین ئەمڕۆ وەڵامی ئەوانمان پێ بگات... هیوادارم پێشنیازێکی جیدی بێت، بەڕاستی هیوای ئەوە دەخوازم."
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانیدا بۆ رووداو، دۆناڵد ترەمپ باسی لە (پڕۆژەی ئازادی) کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا پڕۆژەکە وەستێنراوە، بەڵام ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەیە. ترەمپ گوتی، "پێموانییە لەم ساتەدا پێویست بێت دەستی پێبکەینەوە، بەڵام ئەگەر هەموو شتێک واژۆ نەکرێت و کۆتایی نەیەت، ئێمە رێگەیەکی جیاواز دەگرینەبەر."
دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن دی سی لەبارەی جەنگی ئێران و رێککەوتنیان پرسیاری لە ترەمپ کرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی دایەوە pic.twitter.com/Ogld96LiNI
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 9, 2026
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد کە راگرتنی پڕۆژەکە لەسەر داوای پاکستان بووە و گوتی، "داوامان لێکرا رایبگرین، لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە کە دۆستمانە، وەک دەزانن سەرۆکوەزیران و مارشاڵی پاکستان."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی ئازادی پڕۆژەیەکی "زۆر باش" بووە و وەک بژاردەیەک لەبەردەستیاندا دەمێنێتەوە. گوتیشی، "ئەگەر ئەم هەوڵانە ئەنجامیان نەبێت، رەنگە بگەڕێینەوە سەر پڕۆژەی ئازادی، بەڵام ئەمجارە تەنیا پڕۆژەی ئازادی نابێت، بەڵکو پڕۆژەی ئازادی و چەندین شتی دیکەشی لەگەڵ دەبێت."
رۆژی 3ـی ئەم مانگە ترەمپ رایگەیاند، دەستپێشخەریی (پڕۆژەی ئازادی) بۆ رزگارکردن و رێنوێنیکردنی ئەو کەشتییە بازرگانییانە راگەیاند کە لە تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە؛ بەڵام دوای کەمتر لە 48 کاژێردا وەستاندی.