ئێران مەرجی بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 هەیە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دەڵێ، هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکات، بەڵام داوا دەکات هەرسێ وڵاتی خانەخوێ (ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا) مەرجەکانی تاران جێبەجێ بکەن، کە پەیوەستن بە رێزگرتن لە سروودی نیشتمانی و پێدانی ڤیزە بەو یاریزانانەی پێشتر لە سوپای پاسداران بوون.
 
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە بە دڵنیاییەوە بەشداری لە مۆندیالی 2026 دەکەین، بەڵام دەبێت خانەخوێیەکان نیگەرانییەکانی ئێمە لەبەرچاو بگرن. بێ پاشەکشە لە بیروباوەڕ، کولتوور و پرەنسیپەکانمان، لەو پاڵەوانێتییەدا ئامادە دەبین."
 
ئەم بڕیارەی تاران دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو کەنەدا رێگری لە چوونەژوورەوەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی فیفا، ئەوەش بەهۆی پەیوەندییەکانی بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە کەنەدا لە ساڵی 2024ـەوە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندوویەتی.
 
مەرجەکانی تاران
 
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ژمارەیەک مەرجیان بۆ بەشداریکردن لەو مۆندیالە هەیە. 
 
مەرجەکان بریتین لە دابینکردنی ڤیزە بۆ تەواوی ئەندامانی شاندەکە، رێزگرتن لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی ئێران، جێبەجێکردنی تووندترین رێکاری ئەمنی لە فڕۆکەخانەکان، هۆتێلەکان و رێگەی چوون بۆ یاریگەکان.
 
مەهدی تاج گوتی، پێویستە ڤیزە بدرێتە هەموو یاریزانان و ستافی تەکنیکی، بەتایبەت ئەوانەی خزمەتی سەربازییان لەنێو سوپای پاسداران کردووە.
 
هەڵوێستی ئەمریکا و فیفا
 
لە بەرامبەردا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، یاریزانانی ئێران پێشوازییان لێدەکرێ، بەڵام هۆشداری داوە کە رەنگە وڵاتەکەی رێگری لە چوونەژوورەوەی ئەو کەسانە بکات کە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەیە.
 
لەلایەکی دیکەوە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بەپێی خشتەی دیاریکراو یارییەکانی لە ئەمریکا دەکات و هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت رێگرییان لێ بکات.
 
ئێران لە مۆندیال
 
یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە 11ـی حوزەیران تاوەکو 19ـی تەمموز بەڕێوەدەچن. ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی نیوزیلاند، بەلجیکا و میسر یاری دەکات.
 
هەڵبژاردەی ئێران شاری توسیۆن لە ویلایەتی ئاریزۆنای وەک بنکەی مەشقەکانی هەڵبژاردووە و یەکەم یاریی خۆی لە 15ـی حوزەیران لە شاری لۆسەنجلس بەرامبەر نیوزیلاند دەکات.