بەحرێن 41 کەسی بە تۆمەتی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران دەستگیرکرد


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، دەزگە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە رێکخراوێکیان هەڵوەشاندووەتەوە کە تۆمەتبارە بە هەبوونی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران و 41 ئەندامیان دەستگیرکردوون.
 
بەحرێن کە وڵاتێکی زۆرینە شیعەیە و لەلایەن بنەماڵەیەکی سوننەوە بەڕێوەدەبرێت، ناوەندی یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. 
 
ئەم وڵاتە لەم دواییانەدا بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەی کەنداو زیانی زۆری بەرکەوتووە، کە تاران وەک وەڵامێک بۆ گورزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیکات.
 
رۆژی شەممە، 9ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پێشتر لە لایەن داواکاری گشتییەوە لەبارەی سیخوڕیکردن بۆ لایەنی بیانی و هاوسۆزی بۆ دەستدرێژییەکانی ئێران کرابوون، دەزگە ئەمنییەکان رێکخراوێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە." وەزارەتەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 41 کەس لەو چوارچێوەیەدا دەستگیرکراون.
 
لەلایەکی دیکەوە، سەید ئەحمەد وەدای، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لە ئێکس رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی بەحرێن "دیارترین کەسایەتییە ئایینییە شیعەکانی وڵاتیان دەستگیرکردووە." وەدای کە ئەندامی پەیمانگەی بەحرێن بۆ ماف و دیموکراسییە (BIRD) و بنکەکەی لە لەندەنە، گوتی: "ئەم هەنگاوە بێوێنەیە و تەنانەت لە کاتی لوتوکەی سەرکوتکارییەکانی ساڵی 2011ـەشدا، هەڵمەتی لەم شێوەیە و بەم قەبارەیە نەبووە."
 
لە ساڵی 2011ـدا، خۆپیشاندانی فراوان بۆ داواکردنی حکومەتێکی هەڵبژێردراو بەحرێنی هەژاند، بەڵام لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە کۆنتڕۆڵکرا. ئەو کات بنەماڵەی فەرمانڕەوا تارانیان تۆمەتبار کرد بەوەی مەشقی بە خۆپیشاندەران داوە و پاڵپشتییان دەکات بۆ رووخاندنی دەسەڵات، بەڵام ئێران ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
 
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەحرێن رێکاری زۆر تووندی بەرامبەر هەر کەسێک گرتووەتەبەر کە پشتگیری یان هاوسۆزی بۆ تاران دەربڕێت. رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ لە مانگی ئاداردا رایگەیاند،دەیان کەس بەو تۆمەتە دەستگیرکراون.
 
هەر لە چوارچێوەی ئەم گوشارانەدا، مانگی رابردوو شانشینی بەحرێن وڵاتینامەی لە 69 کەس وەرگرتەوە بەهۆی پشتگیریکردنی تاران. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، پەرلەمانی بەحرێن سێ پەرلەمانتاری دەرکرد کە دژی مەرسوومێکی پاشایەتی بوون سەبارەت بە پرسەکانی وڵاتینامە.