هەزاران قوتابی لە ئەڵمانیا دژی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ رژانە سەر شەقامەکان


رووداو دیجیتاڵ

هەزاران قوتابی لە سەرانسەری ئەڵمانیا، دەستیان لە خوێندن هەڵگرت و رژانە سەر شەقامەکان. ئەمە وەک ناڕەزایەتییەک دژی یاسای نوێی خزمەتی سەربازی کە هۆشداری دەدەن ببێتە هۆی گەڕانەوەی سەربازیی زۆرەملێ.
 
ئەم خۆپێشاندانانە کە لە لایەن دەستپێشخەریی (مانگرتنی قوتابخانە دژی سەربازیی زۆرەملێ) رێکخرابوون، نزیکەی 130 ناوچەی ئەڵمانیای گرتەوە، لەوانە بەرلین، هامبۆرگ، بۆن و میونشن. رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە رۆژی 8ـی ئایاریان هەڵبژاردبوو کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 81 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی؛ ئەوان لە راگەیێندراوێکدا گوتیان: "بە روونی دەڵێین؛ جارێکی دیکە نا بۆ جەنگ، جارێکی دیکە نا بۆ فاشیزم، جارێکی دیکە نا بۆ سەربازیی زۆرەملێ."
 
یاسای نوێی خزمەتی سەربازیی ئەڵمانیا کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، داوا لە هەموو ئەو کوڕانە دەکات کە تەمەنیان دەبێتە 18 ساڵ، فۆرمێکی زانیاری پڕ بکەنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەیی جەستەیی، کارامەیی و ئارەزوویان بۆ چوونە ناو سوپا.
 
هەرچەندە ئێستا سیستمەکە لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانەیە، بەڵام قوتابییە ناڕازییەکان دەڵێن حکومەت دەیەوێت هەنگاو بە هەنگاو سەربازیی زۆرەملێ بگێڕێتەوە؛ ئەم ساڵ لەرێگەی فۆرمەوە، ساڵی داهاتوو لەرێگەی پشکنینی پزیشکی زۆرەملێ و دواتریش لەرێگەی جێگیرکردنی سەربازەکانەوە.
 
هانیز کرامەر، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە رۆژنامەی (گاردیان)ـی بەریتانی راگەیاندووە: "حکومەت و پیشەسازییەکان خەریکی ئامادەکاریی جەنگن و چاوەڕێ دەکەن ئێمەی گەنج ببینە سوتەمەنیی جەنگ. تەنانەت پرسیشمان پێ نەکراوە." کرامەر هۆشداریدا، ئەم جۆرە گوتارانەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کە دەڵێ "ئەگەر خۆبەخش نەبێت، ناچارین زۆرەملێی جێبەجێ بکەین،" زۆر مەترسیدارە.
 
لە بەرلین، نزیکەی پێنج هەزار قوتابی و پشتگیریکارانیان لەبەردەم (دەروازەی براندنبێرگ) کۆبوونەوە و بەرەو بارەگای سەرەکیی پارتی (CDU)ـی راوێژکار مێرتس رێپێوانیان کرد. قوتابیان درووشمی وەک "پەروەردە لەبری بۆمب،" "بەرلین لەبری بەرەکانی جەنگ" و "دەوڵەمەندەکان جەنگیان دەوێت و گەنجانیش داهاتوو"یان بەرز کردبووەوە.
 
پۆلیسی بەرلین ژمارەی بەشداربووانی بە هەزار و 200 کەس خەمڵاند، بەڵام رێکخەران دەڵێن ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بووە. لە هامبۆرگیش پۆلیس باسی لە دوو هەزار و 300 کەس کرد، لە کاتێکدا رێکخەران دەڵێن شەش هەزار کەس رژاونەتە سەر شەقام.
 
ئەم یاسا نوێیەی ئەڵمانیا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کەمیی کارمەند لە ناو هێزە چەکدارەکاندا دەرکراوە، کە ئێستا تەنیا 184 هەزار سەربازی هەیە. وەزارەتی بەرگری پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2035 ژمارەی سەربازەکان بگەیێنێتە 260 هەزار؛ ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی 20 هەزار کەس هەیە لە هەر ساڵێکدا، کە شڕۆڤەکاران دەڵێن تەنیا بە سیستمێکی ئارەزوومەندانە ئەو ئامانجە ناپێکرێت.
 
حکومەتی مێرتس رایگەیاندووە، پلانیان هەیە بڕی 779 ملیار یۆرۆ بۆ کەرتی بەرگری تەرخان بکەن، کە ئەمەش دوو هێندەی خەرجی پێنج ساڵی رابردووە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە ئەڵمانیا ئاستی خەرجییە سەربازییەکانی بگەیێنێتە 3.5%ـی کۆی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (GDP) تاوەکو ساڵی 2030، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی ناتۆ و هەڕەشەکانی رووسیا و گۆڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا.
 
قوتابییە ناڕازییەکان رەخنەی تووند لەوە دەگرن کە حکومەت ملیارەها یۆرۆ بۆ تانک و بۆمب خەرج دەکات، لە کاتێکدا قوتابخانەکان خەریکن دادەڕمێن و کەمیی مامۆستا هەیە. کرامەر دەڵێ: "قوتابخانەکان خەریکە دەڕووخێن، تەنانەت لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانیشدا کەمیی مامۆستا هەیە، کەچی نیوەی بودجەی فیدراڵی بۆ چەک خەرج دەکرێت."
 
لە شاری کۆبلێنز، قوتابییەک تابلۆیەکی بەرز کردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو: "بۆچی بۆ وڵاتێک بجەنگم کە تەنانەت ناتوانێت بۆ ئێمەی گەنج بجەنگێت و پەروەردەیەکی باشمان بۆ دابین بکات؟"
 
سەرەڕای هەڕەشەی فەرمانگەکانی پەروەردە و مامۆستایان بە سزادان و تەنانەت دەرکردنی ئەو قوتابییانەی لە کاتی دەوامدا بەشداریی مانگرتنەکە دەکەن، رێکخەران دەڵێن نزیکەی 50 هەزار گەنج لەم مانگرتنە نیشتمانییەدا بەشدار بوون و بەردەوام دەبن لە گوشارەکانیان.