ئیسپانیا لە باوەشی ئۆقیانووسدایە و تینوویەتی

رووداو دیجیتاڵ

ئیسپانیا لە باوەشی سێ دەریا و ئۆقیانووسێکدا، تینوویەتی؛ ئەو وڵاتە سێ لای ئاوە و بێئاوی تەنگی پێ هەڵچنیوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 70٪ی خاکی ئیسپانیا بەرەو بەبیابانبوون دەچێت و بەرپرسانی ژینگەیی وڵاتەکەش دەڵێن، کەشوهەواکەیان "سەراوژێر بووە."
 
سەرەتای ڤیدیۆکە ناوچەی ڤیلانۆڤا دێ ساو لە هەرێمی کەتەلۆنیا دەردەکەوێت. ئەو کەنیسەیە دێرینەی سەدەی یازدەیەم، لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، لە ژێر ئاوی بەنداوی ساودا نقوومببوو. بەڵام سێ ساڵی بێ بارانی، بەنداوەکەی بەتاڵکردووە و شوێنەوارەکانی ژێری هێناوەتە سەرەوە. کەنیسەکە کە سەردەمانێک شوێنی نزا و هیوا بوو، ئێستا بووەتە هێمای شوومی وشکەساڵی.
 
ئاداری ئەمساڵ بەرپرسانی کەتەلۆنیا بڕیاریاندا ئەو 6٪ ئاوەشی کە تێیدا ماوە، بەربدەنەوە بۆ ئەوەی بەهۆی قوڕ و لیتاوی بنی بەنداوەکە بۆگەن نەبێت. دەولێواری قڵیشبردووی بەنداوەکە زیاتر لە خاکی وڵاتێکی بیابانی ئەفریقا دەچێت وەک لە وڵاتێکی ئەوروپیی سەرکەنار. لەوێ چیدیکە پێشبینیی گۆڕانی کەشوهەوا ناکرێت، بەڵکو دەبینرێت و هەستی پێ دەکرێت.  
 
زاڤیێر رۆسێل، بەرپرسی ژینگەیی ناوچەی لێسپلوگا دێ فرانسۆلی، کەتەلۆنیا دەڵێت، "لەم دوو سێ ساڵەی رابردوودا، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، بە خێراییەکی زۆر گەورە روودەدات. کەشوهەواکەمان سەراوژێر بووە. ئەو کاتەی دەبێت سارد بێت، سارد نییە. ئەو کاتەی دەبێت گەرم بێت، زۆر زۆر گەرمە. ئەو کاتەی پێویستە باران ببارێت، نابارێت. ئەو کاتەشی پێویستە نەبارێت، دەبارێت."
 
ئیسپانییەکان قسەیەکیان هەیە دەڵێت، "بەفری نیسان، لە دوای خۆی گوڵالە و بارانی ئایار دێنێت،" بەڵام ئەمساڵ قسەکەیان راست دەرنەچوو؛ نە بەفریان دی، نە باران.
 
پێرێ ئاراگۆنێس، سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا باس لەوە دەکات، " لە تەممووزی 2021ـەوە تەنیا یەک مانگمان هەبووە تێیدا ئاستی بارانبارین بگاتەوە دۆخی پێش وشکەساڵی."
 
لە گوندی لێسپولگایە لە هەرێمی کەتەلۆنیا سێ هەزار و 600 کەس دەژین. ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەڵام بێئاوی بووەتە شێوازی نوێی ژیانی خەڵکی گوندەکە. بەهۆی بەتاڵبوونی کۆگاکانی ئاو، شەوانە زوو زوو ئاویان لێ دەبڕێت. لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، لە ماڵێکی پڕ لە کێشەی خاڵی لە ئاودا ژیانیان دەستپێدەکات. 
 
ماریا گۆنزالێس، پەرستاری یاریدەدەرە و باس لەوە دەکات، "ئاو لە نێو دەبەدا هەڵدەگرین بۆ ئەوەی کە بەیانیان هەڵدەستین و دەچینە سەر کار، دەموچاو و ددانمانی پێ بشۆین و بۆ سەرئاوکردنیش بەکاری بێنین. ئێوارانیش یان لە هۆڵی لەشجوانی خۆمان دەشۆین، یانیش لە ماڵەوە وەکو سەردەمانی کۆن لە نێو مەنجەڵدا ئاوەکە گەرم دەکەین."
 
هەفتانە سێجار تانکەرێک دێت بۆ ئەوەی کۆگانی گوندەکە پڕبکاتەوە، لە کاتێکدا کە وشکەساڵی، ئاوی ژێرزەوییەکەی بۆ ئاستێک دابەزاندووە، کە نە کانی و نە بیری دەستکردیش پێی ناگەن. 
 
کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، لە سەرانسەری هەرێمی کەتەلۆنیای خاوەن 7.7 ملیۆن دانیشتوو رەنگیداوەتەوە. ئاستی کۆی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاوی هەرێمەکە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بۆ تەنیا 26٪ دابەزیوە، یان تەنیا چارەکێکی ئاوەکەیان ماوە. 
چەندین شار و شارۆچکەی کەتەلۆنیا ناچاربوون کۆتوبەندی تووند بخەنە سەر بەکاربردنی ئاو، لەوانەش قەدەخەکردنی شۆردنی ئۆتۆمبێل، شۆردنی شەقامەکان، ئاودانی باخچەکان و کوژاندنەوەی نافوورەکان. 
 
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا کەنارێکی بارسێلۆنا دەردەکەوێت، تا چاو بڕ دەکات، ئاو هەیە؛ کەچی نییەش. ئەو ستوونانەی دەردەکەون پێشتر گەشتیاران بەکاریان دەهێنان بۆ ئەوەی بە ئاوی شیرین خۆیان لە خۆڵی کەنارەکە پاککەنەوە، ئێستا دڵۆپێکیشیان لێ بەرنابێتەوە. 
 
محەممەد عەلاوی، دانیشتووی تازەی بارسێلۆنایە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا من شۆکبووم، چونکە ئەمە شارێکی گەشتیارییە؛ هەموو کەسێک دێتە ئێرە بۆ ئەوەی چێژ وەرگرێت، کەچی هیچ ئاوی لێ نییە."
 
بۆ رزگاربوون لە کێشەی بێ ئاوی، ئیسپانیا پەنای بردووەتەوە بەر شیرینکردنی ئاوی دەریا. وەک ئەو وێستگەیەی شاری بارسێلۆنا کە گەورەترینی ئەوروپایە لە جۆری خۆی. وێستگەکە ئاوی سوێری دەریا دەهێنێت و بە ژمارەیەک فیلتەردا دەیگوازێتەوە و تاوەکو لە کۆتاییدا لە خوێ پاکیدەکاتەوە. ئێستا بەهۆی وشکە ساڵییەوە بە هەموو توانستی خۆی کاردەکات بۆ ئەوەی پێداویستیی کەتەلۆنیا دابینبکات. 
 
کارلۆس میگێل، بەڕێوەبەری وێستگەی Llobregat دەڵێت، "لە ساڵانی سەرەتادا، ئاستی بەرهەمهێنان زۆر نزم بوو، چونکە ئەو کات بەنداوەکان پڕ بوون لە ئاو. واتە سەرچاوەی سرووشتیی پێویستمان هەبوو. بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا بە تایبەتی پار، واتە کانوونی دووەمی 2022، ئاستی بەرهەمهێنان زۆر بەرزبووەتەوە، چونکە چەندین مانگە بە وشکەساڵیدا دەربازدەبین."
 
ئیسپانیا لەسەر ئاستی ئەوروپا یەکەم و لەسەر ئاستی جیهان چوارەم وڵاتە کە زۆرترین ئاوی دەریا شیرین بکات کە دەکاتە 5٪ی کۆی گشتیی ئاوی شیرنکراوی جیهان. ئەم وڵاتە 800 وێستگەی شیرنکردنی ئاوی دەریای هەیە، کە رۆژانە 5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی شیرین بەرهەمدێنن کە بەشی پڕکردنی دوو هەزار مەلەوانگەی ئۆڵۆمپی دەکات، بۆ ئەوەی روونتربێت، بەشی پێداویستیی رۆژانەی 34 ملیۆن کەسی وڵاتە خاوەن 47 ملیۆن دانیشتووانەکە دەکات. 
 
ئەم وشکەساڵییە تاکە کێشە نییە بەرۆکی ئیسپانیای گرتبێت. هەڵکردنی شەپۆڵیکی گەرما لە باکووری ئەفریقاوە، نەیهێشت ئیسپانییەکان چێژ لە وەرزی بەهار وەربگرن، وەک چۆن وشکەساڵی، زەویی ئیسپانیای زەردکرد، گەرماکەش ئیسپانیەکانی ناچارکرد بە نیمچەڕووتی روو لە کەنارەکان بکەن. 
 
هەر لە مانگی ئادار، لە هەندێ شوێن، پلەی گەرما گەیشتە چل پلەی سیلیزی. گەرمایەک بە ئاسانی بەرگەی ناگری. ئەگەر پێشتر هەڵگرتنی چەتر مۆدە و کولتوور بووبێت، ئێستا بۆ زۆر کەس بووەتە یاوەرێکی ناچاری. شەپۆڵی گەرماکە هەروەها بووەتە سووتانی لانیکەم 228 هەزار دۆنم دارستان. 
 
ئەوەیشی کە ئاگرەکە نەیسووتاندووە، هەڕەشەیەکی گەورەتر بەرەو رووی دێت کە لە ریشەوە وشکیان دەکات؛ بەبیابانبوون. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 70٪ خاکی ئیسپانیا بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە بیابانێکی بێ داری وشک. جیهانیش ناتوانێت بە دڵێکی ئاسوودەوە سەیری ئەو کارەساتە بکات.
 
سەندیکای جووتیارانی ئیسپانیا دەڵێت، 60٪ی زەوی کشتوکاڵیی ئەو وڵاتە خەریکە لە بێ بارانیدا دەخنکێت، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە گەورەترین هەناردەکاری رۆنی زەیتوونی جیهان و سەرچاوەی سەرەکیی میوە و سەوزەی ئەوروپایە. 
 
ریکاردۆ کۆبۆس لۆپێز، هاووڵاتی ئیسپانییە و دەڵێت، "ئێمە زۆر پشت بە درەختی زەیتوون و دروستکردنی رۆن دەبەستین؛ بۆیە ئەگەر ئاو بە خاک نەگات، کارەساتی ئابووری دروستدەبێت."
 
ئیسپانییەکان لە قەبارەی مەترسییەکە تێدەگەن. ئەوان لە ئەندەلووسیا نزای بارانبارین دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نزاکانیان گیرا نەبوون و دەرگای ئاسمان بەسەریاندا نەکراوەتەوە.