پڕۆژەیەکی نوێی مەسک لە ئێکس؛ لە نێوەڕاستی بیابان و دەریاکانەوە 'بەبێ ئینتەرنێت' نامە بنێرە
رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک دەیەوێت بە زیادکردنی چات بۆ ئەپی ئێکس، سەرلەبەری شێوازی پەیوەندیکردن بگۆڕێت و کۆتایی بە باڵادەستیی ئەپەکانی وەک وەتسئەپ و تەلەگرام بهێنێت.
بێ ئەوەی پێویست بە ژمارە تەلەفۆنێک بکات، چاتەکە پەیوەندیی دەنگ و رەنگی دەبێت.
هەروەها بۆ ئەوەی هاککەرەکان و دەزگا سیخوڕییە حکومییەکان نەتوانن دزە بە نامەکان بکەن و بیانبینن، هەمان سیستمی بەکۆدکردن بەکاردەهێنێت، کە بۆ پاراستنی بیتکۆین بەکاردەهێندرێت. سیستمەکە وادەکات تەنانەت کۆمپانیای ئێکسیش نەتوانێت نامەی بەکارهێنەرانی ببینێت.
جگە لەوە، بەکارهێنەران دەتوانن فایل بنێرن و تایبەتمەندیی دیارنەمانی نامەکان کارا بکەن، بۆئەوەی هاوشێوەی سناپ چات، لەدوای بینینیان یان دوای ماوەیەکی دیاریکراو، نامەکان خۆکارانە بسڕێنەوە.
مەسک دەیەوێت بەم تایبەتمەندییە نوێیانە بەکارهێنەرانی ئەپەکانی وەتسئەپ، تەلەگرام و ئەوانی دیکە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی رابکشێت و چیدیکە ئێکس تەنیا شوێنی پۆست و دیبەیت نەبێت.
لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر، کە چاوەڕوان دەکرێت دڵی دوو ملیار بەکارهێنەری وەتسئەپ بۆ خۆی ببات، ئەوەیە کە مەسک دەیەوێت ئەپەکەی ببەستێتەوە بە مانگە دەستکردەکانی ستارلینکەوە، واتە بێ ئەوەی پێویست بە ئینتەرنێتی مۆبایل یان وایفای بکات، بەکارهێنەر لە نێوەڕاستی دەریا، بیابان یان ئاسمان بێت، دەتوانێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە بەردەوام بێت لە ناردن و وەرگرتنی نامە.
لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2024، ئیلۆن مەسک لە ئێکس نووسی: "سیستمە نوێیەکەی ستارلینک رێگەت پێدەدات لە رێگەی مۆبایلەکەتەوە ئینتەرنێتت هەبێت بێ ئەوەی پێویستت بە هیچ ئامێرێکی زیادە یان ئەپلیکەیشنێکی تایبەت هەبێت."
ئەو تەکنەلۆژیایەی کە کارەکەی لە رێگەوە دەکرێت، ناوی "Direct to Cell"ـە.
لە کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵ، کۆمپانیای سپەیس ئێکس رایگەیاند، 23 مانگی دەستکردی ستارلینکیان ناردووەتە بۆشایی ئاسمان کە 13 دانەیان خزمەتگوزاریی "Direct to Cell" یان تێدایە.
ئێستا ئێکس 600 ملیۆن بەکارهێنەری کارای لە سەرانسەری جیهان هەیە.
مەسک لەمێژە نیازی خۆی دەربڕیوە کە ئێکس بکاتە "ئەپی هەموو شت،" بە شێوەیەک کە وەک ویچاتی چینی، هەموو پێداویستییەک بۆ بەکارهێنەر دابینبکات، لە بازاڕکردن، ناردن و وەرگرتنی پارە، نامەناردنەوە بگرە تا دەگاتە بلیتبڕین و تەکسیگرتن.