قەدەخەکەی ئیدارەی ترەمپ کەوتە واری جێبەجێکردن؛ رێگری لە هاووڵاتیی 12 وڵات دەکرێ بچنە ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

قەدەخەی گەشتی نوێ و بەرفراوانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چووە واری جێبەجێکردنەوە، کە رێگری لە هاووڵاتییانی 12 وڵات دەکات بچنە نێو ئەمریکا.
 
پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی پەکخستنی رێڕەوەکانی پەنابەران و زیاتر سنووردارکردنی کۆچ، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ رووبەڕووبوونەوەی چوونەژوورەوەی نایاسایی کۆچبەران فراوانتر دەکات.
 
زۆرێک لەو وڵاتانەی سنووردارکردنەکە دەیانگرێتەوە، پەیوەندیی دژبەرانەیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، وەکو ئێران، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە رووبەڕووی قەیرانی سەخت بوونەتەوە، وەکو هایتی و لیبیا.
 
هەفتەی رابردوو لەکاتی راگەیاندنی سنووردارکردنەکەدا، ترەمپ رایگەیاند کە پاڵنەری رێوشوێنە نوێیەکە "هێرشێکی تیرۆریستی"ی ئەم دواییە بوو بۆ سەر جووەکان لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ.
 
گرووپێک لە کاتی خۆپێشاندان بۆ پشتیوانی لە بارمتەکانی غەززە لە کۆلۆرادۆ لەلایەن پیاوێکەوە هێرشیان کرایەسەر کە کۆشکی سپی رایگەیاند، ڤیزەکەی بەسەرچووبوو.
 
ترەمپ گوتی، ئەو هێرشە "ئەوپەڕی مەترسییەکانی دەرخست کە رووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبنەوە لە ئەنجامی هاتنەنێوەوەی ئەو هاووڵاتییە بیانیانەی کە بە شێوەیەکی دروست پشکنینیان بۆ نەکراوە" یان ئەوانەی دوای بەسەرچوونی ڤیزەکانیان دەمێننەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ئەم هەنگاوە هەموو گەشتێک بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەلایەن هاووڵاتیانی ئەفغانستان، میانمار، چاد، کۆنگۆ، گینیای ئیستوایی، ئەریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سوودان و یەمەنەوە قەدەخە دەکات.
 
هەروەها ترەمپ قەدەخەیەکی لاوەکی سەپاندووە بەسەر گەشتیارانی بوروندی، کوبا، لاوس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمەنستان و ڤەنزوێلا. هەندێک ڤیزەی کاری کاتی لەو وڵاتانەوە رێگەی پێدەدرێت.
 
ترەمپ هۆشداری دا کە لەوانەیە وڵاتی نوێش زیاد بکرێن، "لەگەڵ دەرکەوتنی هەڕەشە لە سەرانسەری جیهاندا."
 
میهریا، ژنێکی تەمەن 23 ساڵی خەڵکی ئەفغانستان کە داوای مافی پەنابەری لە ئەمریکا کردووە، دەڵێت، هەنگاوە نوێیەکان ئەو و زۆرێک لە ئەفغانییەکانی دیکە لە دۆخێکی نادیاردا دەهێڵێتەوە.
 
میهریا دەڵێت، "ئێمە وازمان لە هەزاران هیوا و تەواوی ژیانمان هێنا، ئەوەش لەسەر بەڵێنێکی ئەمریکا، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووی کێشە دوای کێشە دەبینەوە."
 
"وەرزشوان و دیپلۆماتان ناگرێتەوە"
 
فەرمانەکەی ترەمپ دەڵێت، قەدەخەکە بۆ ئەو وەرزشوانانە جێبەجێ نابێت کە بەشداری لە جامی جیهانی 2026 دەکەن، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک میوانداری دەکات، هەروەها کە لە ئۆڵۆمپیادی 2028ی لۆس ئەنجلس بەشدار دەبن.
 
هەروەها بڕیارەکە بۆ دیپلۆماتانی وڵاتە ئامانجگیراوەکانیش جێبەجێ نابێت.
 
ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا و گوتی، "فراوانی و گشتگیریی قەدەخەی گەشتکردنە نوێیەکە لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە نیگەرانی دروست دەکات."
 
یاسادانەران و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی پارتی دیموکراتی ئەمریکا رەخنەیان لە قەدەخەکە گرت و بە ستەمکارانە و نادەستووری ناویان برد.
 
یاسەمین ئەنساری، ئەندامی کۆنگرێس کە ئێرانی-ئەمریکییە، رۆژی یەکشەممە لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی، " ئاگاداری ئەو ئازارەم کە قەدەخە دڕندانە و رەگەزپەرستانەکانی ترەمپ دروستی دەکەن، چونکە خێزانەکەم راستەوخۆ هەستی پێکردووە."
 
"بە هەموو توانامانەوە دژی ئەم قەدەخەیە دەجەنگین"
 
دەنگۆی قەدەخەیەکی نوێی گەشتکردن دوای هێرشەکەی کۆلۆرادۆ بڵاوبووەوە، کاتێک ئیدارەی ترەمپ بەڵێنی راوەدوونانی "تیرۆریستان"ی دا کە بە ڤیزە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین.
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، گومانلێکراو محەممەد سەبری سلێمان، کە بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگە هاووڵاتییەکی میسرییە، بە نایاسایی لە وڵاتەکەدا بووە و ماوەی ڤیزە گەشتیارییەکەی بەسەرچوو بوو، بەڵام لە ئەیلوولی 2022 داوای مافی پەنابەری کردبوو.
 
جێگەی سەرنجە کە قەدەخە نوێیەکەی ئیدارەی ترەمپ، میسر ناگرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و وڵاتە کاریگەرەکان بە جەنگ وەک لیبیا، سوودان، سۆماڵ و یەمەن، دەسەڵاتی ناوەندیی "شارەزا"یان نییە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و پشکنینی هاووڵاتیان.
 
ئێران لە لیستەکەدا بوو، چونکە، بەپێی فەرمانەکە، "پشتیوانیکاری دەوڵەتی تیرۆرە."
 
بۆ وڵاتەکانی دیکە، فەرمانەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری مانەوەی خەڵکەکەیان لە دوای بەسەرچوونی ڤیزەکانیان لە ئاستی تێکڕا بەرزترە.