چوار کەس لە تەقینەوەیەکدا لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ژاپۆن بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە بنکەیەکی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن، تەقینەوەیەک روویدا و چوار کەس بریندار بوون.
بەرپرسانی ژاپۆن دەڵێن، تەقینەوەکە لەنێو کۆگایەکی بۆمبە نەتەقیوەکان روویداوە و بریندارەکان لە دۆخێکی بێ مەترسیدان.
بەرگریی شارستانیی ژاپۆن باس لەوە دەکات، لە بنکەی ئاسمانیی کادێنا، لەکاتی پاککردنەوەی هەندێک کەرەستەی ئاسنین لە ژەنگ بۆ ئەوەی بزانن ئایا بۆمبن یان نا، یەکێکیان تەقیوەتەوە.
ئەو چوار کەسەی بریندار بوون، ئەندامی بەرگریی شارستانیی ژاپۆنن و خێرا گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
میدیای ژاپۆنی باس لەوە دەکات کە ژیانی هیچ یەک لە برینداران لە مەترسیدا نییە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش پشتڕاستی کردەوە کە تەقینەوەیەک لە بنکەی ئاسمانیی کادێنا روویداوە کە دەکەوێتە گەورەترین دوورگەی هەرێمی ئۆکیناوا لە باشووری ژاپۆن.
لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ژاپۆن دوورگەی ئۆکیناوای وەکو بەربەستێکی بۆ رێگریکردن لە پێشڕەویی هێزەکانی ئەمریکا بەکاردەهێنا.
لە جەنگی ئۆکیناوا لە ساڵی 1945، زیاتر لە چارەکێکی دانیشتووانی سڤیلی دوورگەکە کوژران.
داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی 1972 بەسەر دوورگەکەدا کۆتایی هات، بەڵام بەپێی پەیماننامەیەکی نێوانیان، بنکەکانی ئەمریکا لە دوورگەکە مانەوە.
ئێستا، 70%ی رووبەری بنکەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن، لە دوورگەی ئۆکیناوایە و نیوەی ئەو 50 هەزار سەربازە ئەمریکییەی لە وڵاتە ئاسیاییەکەن، لەو دوورگەیەن.