لە فەرەنسا 35 رێکخراوی ژینگەیی داوای هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی زەریا و دەریاکان دەکەن
رووداو-هەولێر
لە شاری نیسی فەرەنسا هەزاران ئەندام و سەرکردەی رێکخراوە ژینگەییەکان گردبوونەوە و داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگەی ئاوی دەکەن. لەکاتێکدا ئەمڕۆ سێیەم کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی زەریاکانەوە دەستی بە کارەکانی کرد.
گویلام نێری، چالاکڤان دەڵێت، "ئەمڕۆ پێویستمان بە پابەندبوون و پاڵنەری سیاسی هەیە بۆ ئەوەی کاری پێویست بۆ پاراستنی زەریاکان بکرێت. ئەمڕۆ، ئەوەی زانایان دەیان ساڵە هۆشداریی لەبارەوە دەدەن بە چاوی خۆمان دەبینین. کەس ناتوانێت چی دیکە ئەم دۆخە پشتگوێ بخات".
نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت تاوەکو 2030 لانیکەم 30٪ـی رووبەری زەریاکان لە پیسبوون بپارێزرێن یان پاکبکرێنەوە. بۆ ئەو مەبەستە رێکخراوەکە ساڵانە 1.2 ملیار دۆلار خەرج دەکات، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتی 'بەیەکەوە لەپێناو زەریاکان'، ساڵانە 15.8 ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە پێویستە.
فلیپ سپادۆتۆ، بەرپرس لە گرووپی گرینسپەیس نایس گوتی، "ئەو هەستەمان هەیە کە لە هەر دۆخێکدا بێت بەرپرسان گوێ لە زانایان بگرن بەتایبەت بۆ پاراستنی ژینگەی ئاوی. بۆ نموونە لە فەرەنسا، ژینگەی ئاوی ناپارێزرێت. دەگوترێت کە 33٪ـی رووبەری ئاوی فەرەنسا پارێزراوە، بەڵام لە راستیدا کەمتر لە 4٪ـە".
پلاستیک بە گەورەترین مەترسیی سەر زەریاکان دادەندرێت. بە گوێرەی رێکخراوی ئیلن ماکئارسەری بەریتانی، تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی 950 ملیۆن تۆن پلاستیک لە دەریا و زەریاکان دەبێت کە زیاترە لە تەواوی کێشی ماسییەکان کە 900 ملیۆن تۆنە.
گامیل وۆڵف، بەڕێوبەری کەمپەینی "نا بۆ پلاستیک لە دەریادا" باسی لەوە کرد، "پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە پرسێکە کە بە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر زەریاکان، تەندروستیان و کاریان هەیە کە لە کۆتاییدا بەهۆی خواردنی پلاستیک لەلایەن ئاژەڵە دەریاییەکانەوە دەگاتە ئێمەش."
ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن ئاژەڵ بەهۆی پلاستیکی نێو زەریاکانەوە دەمرن. هەروەها، کاتێک مرۆڤ ئاژەڵێک دەخوات کە پلاستیکی خواردبێت، ئەوا کاریگەری لەسەر سیستەمی بەرگریی، چالاکی مێشک، هەناسەدان و وەچەخستنەوە دەبێت.