توێژینەوەیەک: ئەم ساڵ 2,300 کەس لە ئەورووپا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەک کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ئەورووپای گرتەوە، پێشبینی دەکرێت لە 12 شاری ئەورووپادا، دوو هەزار و 300 کەس گیانی لەدەستدابێت.
توێژینەوەکە سەرنجی لەسەر ماوەی 10 رۆژ بووە، کە لە دووی تەممووزدا کۆتاییهات. لەو ماوەیەدا بەشێکی زۆری رۆژئاوای ئەورووپا رووبەڕووی گەرمایەکی تووند بووەوە، پلەی گەرما لە ئیسپانیا 40 پلەی سیلیزی تێپەڕاند و لە فەرەنساش ئاگر لە دارستانەکاندا کەوتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کە لەلایەن زانایانی کۆلێژی شاهانەی لەندەن و کۆلێژی تەندروستی و پزیشکیی لەندەنەوە کراوە، لە کۆی ئەو 2,300 کەسەی کە مەزەندە دەکرێت لەم ماوەیەدا گیانیان لەدەستدابێت، 1,500 حاڵەتی مردن پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەبووە، کە شەپۆلی گەرماکەی سەختتر کردووە.
دکتۆر بێن کلارک، توێژەر لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن، گوتی: "گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە کە [شەپۆلەکە] بەشێوەیەکی بەرچاو گەرمتر بێت لەوەی کە دەبوو، ئەمەش وای لێدەکات زۆر مەترسیدارتر بێت."
توێژینەوەکە لە 12 شاری ئەورووپا کراوە؛ لەوانە باسێلۆنا، مەدرید، لەندەن و میلان، کە توێژەران دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا پلەی گەرمای شەپۆلەکەی تاوەکو 4 پلەی سیلیزی بەرزکردووەتەوە.
بەپێی توێژینەوەکە؛ گەرما هۆکاری سەرەکی یان لاوەکیی پشت مردنی 317 کەس لە میلان، 286 کەس لە بارسێلۆنا، 235 کەس لە پاریس، 1712 کەس لە لەندەن، 164 کەس لە رۆما، 108 کەس لە مەدرید، 96 کەس لە ئەسینا (یۆنان)، 47 کەس لە بوداپێست (هەنگاریا)، 31 کەس لە زەگرەب (کرواتیا)، 21 کەس لە فرانکفۆرت و 21 کەس لە لیشبۆن بووە.
توێژەران مۆدێلی پەتاناسیی (epidemiological models) و داتای مێژوویی مردنیان (historical mortality data) بەکارهێناوە بۆ خەمڵاندنی ژمارەی قوربانییەکان، کە ئەو مردنانە دەگرێتەوە کە گەرما هۆکاری سەرەکیی بووە، تەنانەت ئەگەر بەرکەوتن بە گەرماکە دۆخی تەندروستیی پێشووتری کەسەکانیشی خراپتر کردبێت.
رۆژی چوارشەممە، فەرمانگەی کۆپەرنیکۆس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کە سەر بە یەکێتیی ئەورووپایە، لە راپۆرتێکی مانگانەدا رایگەیاند، دوای حوزەیرانەکانی 2023 و 2024، مانگی رابردوو سێیەم گەرمترین مانگی حوزەیران بووە لەسەر ئاستی جیهاندا.
کۆپەرنیکۆس رایگەیاند، رۆژئاوای ئەورووپا گەرمترین مانگی حوزەیرانی لە مێژووی خۆیدا بەسەربرد، بەجۆرێک زۆربەی ناوچەکە رووبەڕووی "سترێسی گەرمای زۆر بەهێز" بووەوە، کە بە هەستکردن بە پلەی گەرمای 38 پلەی سیلیزی و بەرزتر پێناسە دەکرێت.
سامانتا بێرجس، بەرپرسی ستراتیژیی کەشوهەوا لە کۆپەرنیکۆس، گوتی: "ئەگەری هەیە لە سەرانسەری ئەورووپادا شەپۆلەکانی گەرما زۆرتر، تووندتر و کاریگەرییان لەسەر خەڵکی زیاتر هەبێت."
توێژەرانی پەیمانگە تەندروستییەکانی ئەورووپا لە ساڵی 2023دا رایانگەیاندبوو، رەنگە نزیکەی 61,000 کەس لە شەپۆلە گەرماکانی ئەورووپا لە ساڵی 2022دا گیانیان لەدەستدابێت.
کەڵەکەبوونی گازە گەرمکەرەکان لە بەرگەهەوادا - کە زۆربەی لە سووتاندنی سووتەمەنیی بەبەردبوو دێت - وایکردووە تێکڕای پلەی گەرمای زەوی بەپێی کات بەرزببێتەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەی گەرمیی بنەڕەتی مانای وایە کە کاتێک شەپۆلێکی گەرما دێت، پلەی گەرما دەتوانێت بۆ لووتکەی بەرزتر هەڵبکشێن.