کۆچکردنی خەڵکی رەسەن مەترسیی بۆ ژینگە دروستدەکات
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی رەسەن لە جیهاندا بە هۆکاری جیاواز ئاوارە دەبن؛ ئەوان بەهۆی پرۆژە گەورەکانی وەک دروستکردنی بەنداو، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و چەندین هۆکاری دیکە ناچاردەبن شوێنی خۆیان جێبهێڵن.
رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1994 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 9ی ئابی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیهانیی خەڵکی رەسەن دیاریکرد. ئامانجی سەرەکی لەو هەنگاوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستنی مافی ئەو خەڵکانەیە.
توێژینەوەیەکی نوێ باس لەوە دەکات خەڵکی رەسەن رۆڵێکی گەورەیان لە پاراستنی سیستمی ژینگەی جیهاندا هەیە.
بە گوێرەی توێژینەوەی چەند پسپۆڕ و زانایەک کە لە گۆڤاری "نەیچەر"ی بەریتانیدا بڵاوبووەتەوە، ژمارەی خەڵکی رەسەن لە جیهاندا 370 ملیۆن کەسە، واتە کەمتر لە 5٪ـی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن. بەڵام ئەوان نزیکەی 25٪ـی زەویی جیهانیان لەژێر کۆنترۆڵدایە و نزیکەی 80٪ی گیانەوەر و رووەکەکانی جیهانیش لەو رووبەرەدان لەژێر دەستی ئەواندایە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، زۆرترین خەڵکی رەسەن لە ئەفریقیان و کەمترینیان لە ئەوروپا و ناوەندی ئاسیان. نزیکەی 7.8 ملیۆن کیلۆمەتر دووجای زەوییەکانیان ناوچەی قەدەخەکراوە و ئەوەش 40٪ـی زەویی قەدەخەکراوی جیهان پێکدەهێنێت.
لە ماوەی چەند دەیە و ساڵی رابردوودا هەندێک وڵات کاری باشیان بۆ داننان بە مافی خەڵکی رەسەن و پاراستنی ئەو مافانەدا کردووە، لەوانەش حکومەتەکانی ئوسترالیا و نامیبیا. بەڵام لە زۆر شوێنی دیکەی ئەم جیهانە خەڵکی رەسەن رۆژانە رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و ئەو هەڕەشەیەی لەسەر زەویی خەڵکی رەسەنیش دروستدەبێت هەڕەشەیە لەسەر چەندین جۆر گیانەوەر و رووەکی جیهان و تەنانەت بڕی ئۆکسجینی ئەم هەسارەیەش.
خەڵکی رەسەنی دارستانەکانی ئەمازۆن چەند ساڵێکە کێشەیان زیادیکردووە. ئەوان دەڵێن دەیان هەزار کەس بەشێوەیەکی نایاسایی لە هەرێمی رۆرایمای باکووری بەرازیل لە کانەکانی زێڕدا کاردەکەن و ژینگەکەیان تێکدەدەن و حکومەتیش هیچ کارێکی پێویست ناکات.
ماوریسیۆ یەکوانا، سەرخێڵێکی خەڵکی رەسەنە و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین کاری دەستبەجێ بکات بۆ رێگەگرتن لەو کەسانەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە کانەکانی زێڕدا کاردەکەن. ئەوان هاتوونەتە ناو زەویی خەڵکی رەسەنەوە و ئەوەش جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە. ئەو رۆژە دوو گەنجمان لە ناوچەی پاریما کوژران و ئێمەش نیگەرانین، چونکە هەر ئێستاش ئەو خەڵکەی هاتوونەتە ناوچەکە بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19".
ساڵانە لە چەندین وڵاتی جیهاندا لەم رۆژەدا چالاکیی جیاواز دەکرێن، بەڵام ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر چالاکی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتان ناکرێن.