سەرکردەکانی کودەتای نەیجەر ئاسمانی وڵاتەکەیان دادەخەن و داوای چەکهەڵگرتنی گشتی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەشێکی زۆری خەڵکی شاری نیامەی پایتەختی نەیجەر لە کیشوەری ئەفریقا، فەرەنسای داگیرکاری پێشووی وڵاتەکەیان "تاڵانچی" و رووسیاش "شکێنەری کۆتوبەندی داگیرکارییە."
بە درووشمی "بڕوخێ فەرەنسا!" و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای رووسیا، پشتیوانیی خۆیان بۆ کودەتایێکی سەربازی دەردەبڕن کە تێیدا لە 26ـی تەممووز سەرۆکی وڵاتەکەیانی لە کارلادرا، سەرۆکێک کە هاوپەیمانی فەرەنسا بوو و سوپای نەیجەر پێیوابوو بووەتە هۆکاری خراپبوونی دۆخی ئەمنی و ئابووریی وڵاتەکەیان.
ئەو خەڵکە، فەرەنسای داگیرکاری پێشووی وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن بە دزینی سامانە سرووشتییەکانی نەیجەر.
هاروون سەینی، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "پێویستە سوپای فەرەنسا بڕواتە دەرەوە. هیچ هۆکارێک نییە لێرە بن. ئەوان خۆیان تیرۆریستن."
کودەتاکە گورزێکی ئابووری و جیۆساسی لە فەرەنسا دا. یەکسەر دوای راگەیاندنی دەستبەسەرکردنی سەرۆکی وڵاتەکەیان، سوپای نەیجەر هەناردەی زێڕ و یۆرانیۆمی بۆ فەرەنسا راگرت، لە کاتێکدا کە فەرەنسا زۆر پێویستی بە یۆرانیۆمە، چونکە سەرووی 62٪ی کارەبای خۆی لە وزەی ئەتۆمی بەرهەمدەهێنێت.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردووشدا، 20٪ـی ئەو یۆرانیۆمەی فەرەنسا هاوردەیکردووە، لە نەیجەرەوە بووە، لە کاتێکدا تەنیا 16٪ی نەیجەر کارەبای هەیە.
هەر لە دوای کودەتاکە، سوپای نەیجەر دەرگای وڵاتەکەی بە رووی گرووپی ڤاگنەری رووسیدا کردەوە و داوای لە فەرەنسا کرد لە ماوەی 30 رۆژدا هەزار و 500 سەربازەکەی بکشێنێتەوە.
ئەحمەدۆ عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی سەرکردەکانی کودەتای نەیجەر دەڵێت، "بەهۆی هەڵوێستی فەرەنسا و کاردانەوەکانی بۆ دۆخی نێوخۆی وڵاتەکەمان، ئەنجوومەنی نیشتمانیی پاراستنی وڵات بڕیاریدا رێککەوتننامەکانی هاوئاهەنگیی ئەمنی و بەرگریی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەڵبوەشێنتەوە."
ئەمە ئەو کابووسە بوو کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هیوای نەدەخواست بیبینێت، چونکە ساڵی 2021 لە مالی و ساڵی 2022 لە بۆرکینا فاسۆ بە هەمان شێوە کودەتا کرا و سوپای هەردوو وڵات فەرەنسایان ناچارکرد لە وڵاتەکانیان بکشێتەوە.
پاریس لەو کاتەوە نەیجەری کردە بنکەی سەرەکیی هێزەکانی لە ئەفریقا. ئێستاش فەرەنسا دان بە سەرکردەکانی کودەتاکەی نەیجەر و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ئەمنییەکاندا نانێت و سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی محەممەد بەزووم-ی هاوپەیمانی، بۆ سەر کورسیی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دەڵێت، "ئەم کودەتایە بە تەواوی ناڕەوا و مەترسیدارە بۆ خەڵکی نەیجەر، خودی نەیجەر و تەواوی ناوچەکە."
ئەمە یازدەیەمین هەوڵی کودەتا بوو لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لە ئەفریقا ئەنجامدرابێت.
کۆمەڵەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوی ئەفریقا کە بە ئیکۆواس دەناسرێن و هاوپەیمانی فەرەنسان، کودەتاکەیان رەتکردەوە و داوای گەڕاندنەوەی سەرۆکی هەڵبژێردراویان کرد، پێش ئەوەی کودەتاکان وەکو بەربوونەوەی پوولی دۆمینە، وڵاتەکانیشیان بگرنەوە.
چوار رۆژ دوای کودەتاکە، وڵاتانی ئیکۆواس هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر سەرکردە سەربازییەکانی نەیجەر تا 6ـی ئاب محەممەد بەزووم نەگەڕێننەوە سەر دەسەڵات، ئەوا هێرشیان دەکەنەسەر.
وڵاتانی ئیکۆواس بریتین لە: کەیپڤێرد، گامبیا، گینیا، گینیا بیساو، لایبێریا، مالی، سەنیگال، سیێرا لیۆن، بێنین، بورکینا فاسۆ، گانا، کۆتدیڤوار، نایجیریا، تۆگۆ.
عومەر عەلیو تۆرایی، سەرۆکی ئیکۆواس دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، ئەم رێکارانە دەستبەجێ جێبەجێدەکرێن: یەکەم، داخستنی سنووری وشکانی و ئاسمانی لە نێوان وڵاتانی ئیکۆواس و نەیجەر. دووەم، ئیکۆواس هەموو گەشتە بازرگانییەکان بۆ ناوەوە و دەرەوەی نەیجەر قەدەخە دەکات."
فەرەنسا لە دژی سەرکردەکانی کودەتاکە، پشتگیریی خۆی بۆ هەموو رێوشوێنێکی ئیکۆواس دەربڕی.
کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم داواکارییە کۆکن، کە دەبێت سەرۆک ئازادبکرێت و تەواوی دەسەڵاتە دەستووریەکانی بۆ بگەڕێندرێنەوە."
لە بەرامبەر هەڕەشەی داگیرکردنەکە، سوپای نەیجەر بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی دابخات، هێزەکانی لە پایتەختی وڵاتەکەی چڕکردنەوە، هەموو هاووڵاتییەکانی راسپاردن چەک هەڵبگرن و داوای یارمەتیی لە گرووپی ڤاگنەری رووسی کرد.
راپۆرتە میدیایەکان گەیشتنی هێزەکانی ڤاگنەری لە مالییەوە بۆ نەیجەر پشتڕاستکردەوە.
هەروەها مالی و بورکینا فاسۆ هەڕەشەیان کرد کە هەر هێرشێک بۆ سەر نەیجەر، بە هێرش بۆ سەر خۆیان دەزانن و بە ئاگر و ئاسن وەڵامی ئیکۆواس دەدەنەوە.
رووسیاش داوای دانبەخۆداگرتنی کرد. دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، "ئێمە لایەنگری گەڕانەوەی خێرای دۆخەکەین بۆ سەر رێچکەی دەستوور بێ هیچ زیان و هەڕەشەیەک، لە هەمووشی گرنگتر بۆسەر ژیانی خەڵک."
وادەکە تەواو بوو؛ سەرۆک نەگەڕێندرایەوە سەر کورسییەکەی و هێرش رووینەدا.
لە رۆژی تەواوبوونی وادەکە، 30 هەزار کەس لەنێو یاریگەیەکی شاری نیامەیدا کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ناڕەزایی دژی هەڕەشەکانی ئیکۆواس و پشتگیریی بۆ سەرکردەکانی کودەتاکە دەرببڕن. لێرەش درووشمی "بژی پووتین" و "بڕوخێ فەرەنسا" دەگوترێتەوە.
بوبەکرد دادی، پاڵپشتیکاری سوپایە و دەڵێت، "ئەوەی کە دەسەڵاتی گرتەدەست سوپا نەبوو، بەڵام خەڵک بوو. ئەوە خەڵکە کە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. ئەمەیە دیموکراسیی راستەقینە."
لە ئەگەری سەرکەوتنی کودەتاکە، نەیجەر دەبێتە سێیەم وڵات لە ساڵی 2020ـەوە لەژێر رکێفی فەرەنسا دەرچووبێت و لە رووسیا نزیکبووبێتەوە، ئەوەش نەک تەنیا فەرەنسا، بەڵکو زیانی بۆ بەرژەوەندیی تەواوی رۆژئاوا دەبێت.
چونکە لەدەستدانی نەیجەر وەکو هاوپەیمان و هەبوونی گرووپی ڤاگنەری رووسی لە هەمان کاتدا لەسەر خاکەکەی، وادەکات بەدیهێنانی خەونی یەکێتیی ئەوروپا بۆ راکێشانی بۆریێکی گازی سرووشتی لە نایجێریاوە بە نێو خاکی نەیجەرەوە بۆ جەزائیر و دواتر ئەوروپا، زەحمەتبێت.
هەروەها لە پاڵ کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست، مەدەگاسکار، مۆزەمبیق، سوودان، سوودانی باشوور، لیبیا، مالی، گینیا، کۆنگۆ کینشاسا، ئەنگۆلا، گینیای کەمەرەیی، گینیا بیساو و بۆرکینا فاسۆ، نەیجەر دەبێتە چواردەیەمین وڵاتی ئەفریقا کە پێشوازی لە گرووپی ڤاگنەری رووسی بکات. ئەوەش بە واتای بەهێزبوونی هەژموونی رووسیا لە کێشوەرە ئەسمەرەکە دێت، کە نەک تەنیا فەرەنسا، بەڵکو بەدڵی هیچ هاوپەیمانێکی رۆژئاوا نییە لە کاتێکدا کە بە سەرکردایەتیی ئەمریکا هەوڵدەدەن مۆسکۆ لە جیهان دابڕێنن.