وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ هاووڵاتییانی: سەردانی عێراق و سووریا نەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوبەری بەشی کاروباری هاووڵاتییان لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات سەردانی 7 وڵات نەکەن، لەنێویاندا عێراق و سووریا هەن. 

رۆژی 09ـی ئابی 2025، ئەلێکسی کلیمۆڤ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هۆشداری بە هاووڵاتییانیان دەدەن نەچنە عێراق، سووریا، سوودان، لیبیا، لوبنان و یەمەن. دەشڵێت، ئەو هۆشدارییە "بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی"یە لەو وڵاتانە. 
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو بکرێت هاووڵاتییانیان نابێت سەردانی عێراق بکەن. جەختی لەوەش کردەوە، ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی دەیانەوێت کار لە عێراق بکەن پێویستە پێشوەختە "بۆ سەلامەتیی خۆیان کۆمپانیا ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە". 
 
لوکئۆیل، گازپڕۆم، رۆسنەفت دیارترین ئەو کۆمپانیا رووسییانەن لە عێراق کار دەکەن. 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتیشی، نابێت هاووڵاتییانیان بە تەنیا سەردانی میسر بکەن و پێویستە زیاتر وەکو گرووپ بچن. هەروەها، پێویستە خۆیان لەو رێگایانە بدوور بگرن کە سەلامەت نین یان چاودێری ناکرێن.  
 
بە گوێرەی میدیای رووسیا، پار 29 ملیۆن گەشت بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان کران کە 11.5 ملیۆنیان بۆ مەبەستی گەشتیاری بووە و ئەمەش 25٪ لە پێرار زیاترە.