فەرەنسا و بەریتانیا لەسەر کۆچبەری نایاسایی هەڕەشە لە یەکدی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
پەڕینەوەی کۆچبەران لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا لە رێگەی ئاوەکانی نێوانیان، جارێکی دیکە بووەتە گرفتێکی گەورە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، دوای ئەوەی بەهۆی لەباربوونی کەشوهەواوە زیاتر لە 1,500 کۆچبەر لە ماوەی یەک هەفتەدا بە بەلەمی بچووک خۆیان گەیاندە بەریتانیا. 
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13,500 کۆچبەر بە ئاوی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە، کە بە کەناڵی مانش ناسراوە (بەریتانییەکان بە ئینگلیش چاناڵ دەیناسێنن) بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە، ئەمەش بەرپرسانی بەریتانیای تووڕە کردووە و  فەرەنسا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەرکی خۆی لە رێگریکردن لە هاتنی کۆچبەران جێبەجێ ناکات. 
 
لە کۆنفرانسی وەزیرانی ناوخۆی گرووپی حەوت، کە رۆژی چوارشەممە لە لەندەن دەستی بەکارەکانی کرد، گرژی لە نێوان وەزیرانی فەرەنسا و بەریتانیا دروستبوو و نەگەیشتنە رێککەوتن. 
 
تەنیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 1,500 کۆچبەر لە فەرەنساوە خۆیان گەیاندە خاکی بەریتانیا، کە 785 کەسیان رۆژی دووشەممە پەڕینەوە. فەڕەنساش دەڵێت رێگرییان لە پەڕینەوەی 200 کۆچبەر کردووە.
 
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت هەموو هەوڵی ئەوان ئەوەیە نەهێڵن ئەو کۆچبەرانە بگەنە ئاوەکانی بەریتانیا و چارەیان نەماوە و دەبێت بەلەمی کۆچبەران بگەڕێننەوە بۆ ناو ئاوەکانی فەرەنسا. هەرچەندە بەریتانیا دەڵێت کە ئەم تاکتیکە تەنیا لە حاڵەتی دەگمەن بەکاردەهێنێت، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ دەڵێن ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا زۆر "نابەرپرسانە"یە و دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانی ئەو کۆچبەرانە زیاتر بکەوێتە مەترسییەوە. 
 
پرێتی پەتێڵ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و هاوتا فەرەنسییەکەی جێراڵد دەرمانین رۆژی چوارشەممە لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن و هەردوولا سوورن لەسەر هەڵویستی خۆیان.
 
بەپێی یاسای دەریاوانی نێودەوڵەتی هەرکەسێک کە لە ناو دەریا مەترسی لەسەر ژیانی هەبێت، دەبێت رزگار بکرێت.
 
"ئەمڕۆ گفوگتۆی ئەرێنیمان هەبوو لەگەڵ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جێراڵد دەرمانین لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەری نایاسایی لە کەناڵ. من روونمکردەوە کە کۆتاییهێنان بە پەرینەوە ئەولەویەتی سەرەکیی خەڵکی بەریتانیایە و دەبێت ئەم پرۆسەیە دەرەنجامی هەبێت،" پرێتی پەتێڵ لە تویتێکدا رۆژی چوارشەممە نووسیویەتی. 
 
لە لایەکی دیکەوە وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە نامەیێکدا، کە پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی چوارشەممە بۆ پرێتی پەتێڵی ناردبوو دەڵێت هەڵوێستی پاریس نەگۆراوە لەسەر پەرینەوەی کۆچبەران: "دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ژیانی مرۆڤەکان لە ناو دەریا گرنگترە لە بەرچاوگرتنی رەگەزنامە و سیاسەتی کۆچبەری لە رووانگەی یاسای دەریاوانی نێودەوڵەتی."
 
بەکارهێنانی تاکتیکی گەڕاندنەوە،  بە گوتەی وەزیرە فەرەنسییەکە "کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر هاوکاری دوولایەنەمان."
 
مانگی تەممووزی ئەمساڵ لەندەن و پاریس رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ژمارەی پۆلیسی فەرەنسی لە کەنارە ئاوەکانی بەرامبەر بەریتانیا کە کۆچبەران لێی دەپەڕنەوە بۆ دوو هێندە زیادبکرێت. بەریتانیا لە پێناو ئەو هەنگاوەی فەرەنسا، بەڵێنی دا 54 ملیۆن پاوەن هاوکاری فەرەنسا بکات. 
 
ئێستا وەزیری ناوخۆی بەریتانیا هەڕەشەی راگرتنی ئەو هاوکارییە دەکات، تاوەکو ئەو کاتەی فەرەنسا هەنگاوی ئەرێنی بۆ ئەو پرسە دەنێت، ئەمەش بەپێی میدیاکانی بەریتانیا.
 
ئەو ناوچەی کە کۆچبەران بەکاریدەهینن بۆ ئەوەی سواری بەلەمی بچووک بن و بەرەو بەریتانیا بەڕێبکەون لە نێوان 300 بۆ 400 کیلۆمەتر کەناراوی هەیە. پەرلەمانتاری ئەو ناوچەیەی فەرەنسا دەڵێت ناکرێت بە تەواوەتی رێگری لەم دیاردەیە بکرێت. 
 
پێیر هێنری دۆمۆنت دەڵێت: "ناکرێت لە هەموو 100 مەترێکدا پۆلیسێک دابنرێت لەبەر فراوانیی کەناراوەکە" لەبەر ئەوە ناکرێت رێگری تەواو بکرێت.
 
رێکخراوی خۆبەخشی "کەیر 4 کاڵاس"، کە گرووپێکی خۆبەخشە و هاوکاریی کۆچبەران لە فەرەنسا، بەریتانیا و بەلجیکا دەکات دەڵێت ئەو هەنگاوەی بەریتانیا بۆ گەڕاندنەوەی بەلەمی کۆچبەران کارێکی "نامرۆڤانەیە" دژی کۆچبەران و پەنابەرانە.
 
رێکخراوەکە دەڵێت: "رێگای عاقلمەندانە ئەوەیە کە رێگا بەو خەڵکە ئاساییە بدرێت، کە هیچ گوناهێکیان نییە لەوە زیاتر کە لە وڵاتێکی دیکتاتۆردا یان خود ناوچەیێکی شەڕدا لە دایکبوون، بتوانن داوای پەنابەری بکەن لە بەریتانیا بەبێ ئەوەی ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە."