کۆپەرنیکۆس: ئابی ئەم ساڵ سێیەم گەرمترین مانگی ئاب بووە لەسەر ئاستی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی چاودێریی کەشوهەوای ئەورووپا ناسراو بە کۆپەرنیکۆس بڵاویکردەوە، ئابی ئەم ساڵ سێیەم گەرمترین مانگی ئاب بووە لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش پێویستی پەلەکردن لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پیشاندەدات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، باشووری رۆژئاوای ئەورووپا بە شەپۆلی گەرمای بەردەوام و ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان لە ئیسپانیا و پورتوگال گیرۆدە بووە. هەروەها، زۆربەی ناوچەکانی ئاسیا پلەی گەرمایان بەرزتر بوو لە ئاستی مامناوەند کە مانگێکی گەرمی نزیک لە پێوانەیی تۆمارکرد.
زەریاکانی جیهان، کە رۆڵێکی گرنگ لە رێکخستنی کەشوهەوا دەبینن بە هەڵمژینی گەرمای زیادە لە بەرگەهەوا، نزیکبوونەتەوە لە بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو بۆ مانگی ئاب.
سامانتا بێرگس، بەرپرسی ستراتیژیی کەشوهەوا لە خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: "لەگەڵ بەردەوامبوونی گەرمای نائاسایی زەریاکانی جیهان، ئەم رووداوانە نەک تەنیا پەلەکردنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دەردەخەن، بەڵکو پێویستییەکی گرنگیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دیاردەکانی کەشوهەوا نیشان دەدەن."
پلەی گەرمای جیهان بەهۆی دەردانی گازی گەرمکەرەوە بەتایبەتی لە سووتاندنی سووتەمەنییە بەردینەکان لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
تێکڕای پلەی گەرمای جیهان بۆ مانگی ئاب 1.29 پلەی سیلیزی بەرزتر بوو لە سەردەمی پێش پیشەسازی. زانایان هۆشداریدەدەن ئەم بەرزبوونەوە کەمە، کاریگەری گەورەی لەسەر ناسەقامگیرکردنی کەشوهەوا و تووندترکردنی زریان و لافاو و کارەساتەکانی تر دەبێت.
لە بڵاوکراوەی مانگانەیدا، کۆپەرنیکۆس رایگەیاند، رۆژئاوای ئەورووپا گەرمترین پلەی گەرمی لە کیشوەرەکەدا تۆمارکردووە، بەتایبەتی باشووری رۆژئاوای فەرەنسا و نیمچەدوورگەی ئیبیریا.
هەفتەی رابردوو، زانایانی ئەورووپا رایانگەیاند، گۆڕانی کەشوهەوا 40 جار ئەگەری دروستبوونی ئەو بارودۆخە گەرم، وشک و بایانەی زیاد کردووە کە بوونەتە هۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکان.
لە دەرەوەی ئەورووپا، پلەی گەرمای سیبریا، بەشێک لە ئەنتارکتیکا، چین، نیمچەدوورگەی کۆریا، ژاپۆن و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرزتر بوو لە ئاستی مامناوەند.
پلەی گەرمای پێوانەیی زەریاکان لە باکووری ئەتڵەسی لە رۆژئاوای فەرەنسا و بەریتانیا لە مانگی ئابدا تۆمارکران.
بەریتانیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور گەرمترین هاوینیان لەمساڵدا تۆمارکرد، لەو کاتەوەی دەزگاکانی کەشوهەوای ئەو وڵاتانە دەستیان بە تۆمارکردنی داتاکان کردووە.