پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لە سێ مانگدا 12 قاچاخچیی عێراقیمان دەستگیرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای پۆلیسی ئەڵمانیای فیدراڵ بە رووداوی راگەیاند، لە نێوان 8ی ئایار بۆ 31ی تەمووزی 2025، لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی سنوورەکانیاندا، 152 هاووڵاتیی عێراقی گەڕێندراونەتەوە یاخود رەتکراونەتەوە کە هەوڵیان دابوو بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو وڵاتەکەیان. ئاماژەی بەوەشکرد، 12 قاچاخچیی عێراقی دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 09ـی ئەیلولی 2025، گوتەبێژێکی پۆلیسی ئەڵمانیا ئامارەکانی ئەو کەسانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا کرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵیان داوە بچنە ناو وڵاتەکەیان و لە رێگەی کۆنترۆڵی سنوورییەوە رەتکراونەتەوە یان گەڕێندراونەتەوە.
ئەو گوتەبێژە گوتی، لە نێوان 8ـی ئایار بۆ 31ـی تەمموزی 2025، ئەو کەسانەی لەسەر سنوور رەتکراونەتەوە، خەڵکی ئوکراینا، ئەفغانستان، تورکیا، جەزائیر، سووریا، ئەریتریا، مەغریب، سۆماڵ، توونس و ئەلبانیا بوون. هەروەها گوتی، بە گشتی 629 هاووڵاتی تورک، 550 سووریایی، 152 هاووڵاتی عێراقی و 78 ئێرانی رەتکراونەتەوە.
447 منداڵی خوار 13 ساڵ رەتکراونەتەوە
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە، لەگەڵ ئەو کەسانەی لەو سێ مانگەدا لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە رەتکراونەتەوە، 447 منداڵی خوار 13 ساڵیش هەبوون. "ئەو منداڵانە لەگەڵ ئەو کەسانە بوون کە دەیانویست بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ئەڵمانیا و لەسەر سنوور راگیراون و گەڕێندراونەتەوە."
سەبارەت بە رەچەڵەکی ئەو قاچاخچییانەی لەسەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون، پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، بەپێی وڵاتینامەکانیان زۆربەیان سووریایی، ئوکراینی و ئەفغان بوون. بەڵام 12 کەسیان عێراقی بوون.
پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوەکەی 2ـی ئەیلوولیشدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆنترۆڵی سنوورەکانیاندا هەزار و 236 کەسی وەک ئەندامی گرووپە تووندڕۆکان، راستڕۆ و چەپڕۆ تووندڕۆکان، دژە بیانی یان ئیسلامییەکان ئاشکرا کردووە.
رووداو پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا داعش لەناو ئەو کەسانەدا هەبووە یان نا؟ ئەو گوتەبێژە گوتی، ئەوانە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵییەوە تۆمار ناکرێن.
2ی ئەیلوولی 2025، پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆ، لە 7ی ئایاری ئەم ساڵەوە دەستیان بە کۆنترۆڵی سنوورەکانی شینگن کردووە. بەپێی پۆلیسی فیدراڵی، لە نێوان ئەوان و فەرەنسا، بەلجیکا، هۆڵەندا، لۆکسمبۆرگ، پۆڵەندا، چیک، نەمسا، سویسرا و دانیمارک کۆنترۆڵی سنووری دانراوە.
بەپێی پۆلیسی فیدراڵی، لە نێوان 8 بۆ 31ی ئابی ئەم ساڵدا، 17 هەزار و 417 کەس هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو سنوورەکانیان. لەو ژمارەیە 12 هەزار و 885 کەس هەر لەسەر سنوور لەلایەن پۆلیسەوە رەتکراونەتەوە یان گەڕێندراونەتەوە.
هەروەها توانیویانە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵەکانیاندا، هەشت هەزار و 489 کەس دەستگیر بکەن کە فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەرکرابوو.