ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج؛ دوو کورد دەرچوون

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی نەرویج لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتەکە راگەیێندرا. لایەنگرانی پارتی کار دڵخۆشن و  بەبۆنەی بەدەستهێنانی زۆرینە، ئاهەنگ دەگێڕن. چەند کوردێک بەربژێر بوون و باس لە دەرچوونی دووانیان دەکرێت.
 
یانس گار ستۆر، سەرۆکی پارتی کار دەڵێت، "دەمانزانی قورس دەبێت، واشبوو. دەمانزانی پڕ رکابەری دەبێت، واشبوو. دەمانزانی پێویستە هەموو توانای خۆمان بەکاربهێنین، وامان کرد. بەو هۆیەشەوەیە ئێستا لێرەین و دەڵێین، بەدەستمان هێنا. هەموو توانای خۆمان بۆ خزمەتکردن بەکاردەهێنین". 
 
بەگوێرەی ئەنجامی 99٪ـی دەنگە جیاکراوەکان، چەپەکان 87 کورسی و راسترۆکانیش 82 کورسییان بردووەتەوە.
 
لە نێو پارتەکانیش، پارتی کاری چەپڕۆ 28٪، پارتی پێشکەوتوخوازی راستڕۆ 24.7٪ و پارتی پارێزگارانی راستڕۆش 14٪ـی دەنگەکانیان بردەوە.
 
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 50+1ـی کورسییەکان دەبێت، بۆیە هیچ پارتێک بە تەنیا ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. 
 
کاسپەر سیڤەرتسن، راوێژکاری پەیوەندییەکان لە پارتی کار ئاماژە بەوە دەکات، "زۆر ئەرێنیم کە دەتوانین هاوپەیمانییەکی زۆرینە دروست بکەین بۆ پێکهێنانی حکومەت." 
 
لەم هەڵبژاردنەدا 8 بەربژێری کوردیش هەبوون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، دوویان دەرچوون. 
 
ئەوانەی ناویان بە دەرچوو هاتووە، سەحەر ئایدار لە پارتی سوور و مانی حوسەینیە لە پارتی کار.  ئەگەری دەرچوونی بەربژێری دیکەش هەیە. 
 
رۆژی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەندرێت.