ئەمریکا قەتەرییەکانی لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل ئاگادار کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ داوای لە نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە قەتەرییەکان ئاگادار بکاتەوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دەوحە.
کۆشکی سپی ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، "ئەم بەیانییە ئیدارەی ترەمپ لە لایەن سوپای ئەمریکاوە ئاگادار کرایەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر."
کارۆلین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ئەمڕۆ سێشەممەدا گوتی، دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ داوای لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەو هێرشە ئاگادار بکاتەوە.
لێڤیت پەسنی کاری قەتەرییەکانی کرد لە هەوڵەکانیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە مەبەستی سەرخستنی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و قەتەریشی بە "وڵاتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکان" ناوبرد، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس لەو وڵاتەدا هەیە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ زۆر بە زوویی جەنگی غەززە کۆتایی بێت و بۆ ئەو مەبەستەش "داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و گەڕاندنەوەی هەموو تەرمەکان دەکات. سەرۆک ترەمپ هەروەها قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نەتەنیاهوو کرد. دوای هێرشەکەش سەرۆکوەزیرانی بە سەرۆک ترەمپی راگەیاند کە دەیەوێت ئاشتی زوو بەدەست بهێندرێ".
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتیشی، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هەریەکە لە میری قەتەر و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە قسەی کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە جارێکی دیکە هێرشی دیکەی لەو جۆرە بۆ سەر وڵاتەکەیان دووبارە نابێتەوە.