خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی درا بە رێکخراوی خۆراکی جیهانی


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دیاریکردنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتەکەیان بە رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بەخشی.

لیژنەی دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکە رایگەیاندووە، بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی برسێتی و هەوڵدان بۆ رێگریکردن لەوەی کە برسێتی وەکو چەکێک لە ناوچە نائارامەکان بەکاربهێنرێت، خەڵاتەکەیان بە رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی - WFP بەخشیوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە، خەڵاتەکەیان بۆیە بەو رێکخراوە بەخشیوە، بەهیوای ئەوەی کە جیهان ئاوڕێک لەو ملیۆنان کەسە بداتەوە کە بەهۆی برسێتییەوە دەناڵێنن یان رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.

لە ئەکاونتی فەرمیی خەڵاتی نۆبڵدا هاتووە "تاوەکو ئەو رۆژەی ڤاکسینێکی پزیشکی دەدۆزرێتەوە، باشترین ڤاکسین دژی ئاژاوە، خواردنە".

خەڵاتی نۆبڵ، لەلایەن زانای سوێدی ئەلفرێد نۆبڵەوە دانرا، بەجۆرێک کە لە وەسێتنامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە و گرێبەستی پڕکردووەتەوە (لە یانەی سوێدی-نەرویجی) لە 27ی تشرینی دووەمی 1985، بەوەی کە ساڵانە ئەم خەڵاتە ببەخشرێت.

خەڵاتەکە لە بڕوانامەیەک و مەدالیایەکی زێڕ و بڕێک پارە پێکدێت.

یەکەمین ئاھەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان، درا بە بوارەکانی وێژە، فیزیک، کیمیا، پزیشکی لە ئەکادیمیای شاھانەی موزیکیی لە شاری ستۆکهۆڵم لە ساڵی 1901. پاشان لەدوای ساڵی 1902، خودی پادشا خۆی ھەستا بە بەخشینی خەڵاتەکان بەو کەسانەی کە بردبوویانەوە. پادشا ئۆسکار لە سەرەتادا دوودڵ بوو لەوەی کە خەڵاتە نیشتمانییەکان بداتە کەسانی ناسوێدی، بەڵام دواتر دۆخەکەی پێ ھەزم کرا و پاش ئەوەی درکی بەوە کرد کە سوێد بەھۆی خەڵاتەکانەوە دەبێتە خاوەنی ریکلامی جیهانیی.