گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: نیگەرانین لە گرژییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیگەرانی ئەو شەڕ و گرژیانەن کە 6ی ئەم مانگە لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دروستبوون. دەشڵێت، پێویستە رێکاری پێویست بۆ کوژران و برینداربوونی کەسانی سڤیل بگیرێتەبەر. لە بارەی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سوود بە هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیێنێت" و پێشوازی لێدەکەن. 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "نیگەرانین لەو گرژیانە و زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا. ئێمە پێشوازی لە ئیرادەی سیاسی دەکەین کە لە لایەن لایەنەکانەوە نیشان دراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی توندوتیژی. رێککەوتنی ئاگربەست کراوە و لە ئێستادا کاری پێدەکرێت". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەشڵێت، "هیوادارین مەرجە پێویستەکان بڕەخسێنرێن بۆ ئەوەی خۆمان لە خوێنڕشتنی زیاتر بپارێزین و چارەسەرێکی درێژخایەن بەدەست بێنین. بێگومان، رێگریکردن لە قوربانی سڤیل گرنگە". 
 
رۆژی 6ی ئەم مانگە، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا رێگەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان داخست، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێکی سڤیل و برینداربوونی 50 کەسی دیکە. دواتر شاندێکی هەسەدە سەردانی دیمەشقی کرد و ئاگربەست راگەیێندرا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت: "دڵنیاین کە دروستکردنی سەقامگیریی متمانەپێکراو و درێژخایەن لە سووریا پێویستی بە گفتوگۆیەکی فراوانە بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی، لە هەمان کاتدا رێز لە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کۆمەڵگەی سووریا بگیرێت. بەمەش، ئێمە پشتگیری لە گرنگیی بنەڕەتیی پاراستنی سەروەری، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین." 
 
رۆژی شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جەیهان لەڕێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەى لە کۆتایی ئادارى 2023ـەوە راگیرابوو. هەناردەکردنەوەکە دوای ئەوە بوو کە رۆژی 22ی ئەیلوول حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی بەغدا و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکیان واژۆکرد. 
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زاخارۆڤا گوتی، "لە لایەن خۆمانەوە، پێشوازی لەم پێشکەوتنە دەکەین. ئێمە دڵنیاین کە هەوڵەکان لەم چوارچێوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلی عێراق دەکات." 
 
رۆژی 5ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سووریا بەڕێوەچو، ئەمە بەبێ بەشداری کورد و درووزەکان بوو. لەو هەڵبژاردنەدا هەزار و 578 بەربژێر کێبڕکێیان دەکرد. پەرلەمانی سووریا 210 کەس دەبێت و 70یان راستەوخۆ لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە دادەندرێن.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا، زاخارۆڤا گوتی، لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ هەڵبژاردنەکە کرد. گوتیشی: "هەڵبژاردنەکان لە دۆخێکی ئاڵۆزی سەربازی و سیاسی لە سووریا بەڕێوەچوون. لەم بارودۆخانەدا، دەسەڵاتداران بڕیاریاندا لەو ناوچانەی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری وڵات کە لە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق نین، هەڵبژاردن نەکرێت". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم هەڵبژاردنانە بە رووداوێکی گرنگ دەبینین لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ باشترکردنی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیریی وڵات."
 
زاخارۆڤا گوتی: "هیوادارین دامەزراندنی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو دروستکردنی سیستمێکی حکومڕانی کاریگەر و بەردەوام لە سووریا کە بە گوێرەی داخوازییەکانی گەلی سووریا بێت. هیوادارین ئەنجوومەنی گەلی سووریای نوێ نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بکات و کارەکانی مەرجە پێویستەکان بۆ مسۆگەرکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان دابین بکات، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی."
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی ماریا زاخارۆڤا
 
رووداو: مانگی رابردوو، رێککەوتنی نەوتی لەنێوان هەرێمی  کوردستان و حکومەتی عێراق کرا و دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. هەڵوێستی رووسیا چییە لەسەر ئەو هەنگاوە؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا: لە 27ی ئەیلوول، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ تورکیا لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە دەستیپێکردەوە. وەک دەزانن، ئەم بۆرییە نەوتە لە ئاداری 2023ەوە راگیرابوو. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بە رێککەوتن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان لە عێراقدا، لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکاندا مومکین بوو.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم رووداوەی بە مێژوویی ناوبرد. بەغدا هیوادارە ئەمە ببێتە خاڵێکی دەستپێک بۆ چارەسەرکردنی خێرا کێشە ناکۆکەکانی دیکە بە هاوکاریی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان. لە لایەن خۆمانەوە، پێشوازی لەم پێشکەوتنە دەکەین. ئێمە دڵنیاین کە هەوڵەکان لەم چوارچێوەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلی عێراق دەکات.
 
رووداو: 5ی ئەم مانگە، هەڵبژاردن لە سووریا کرا و کورد و دروزیش تێیدا بێبەش کران. هەڵوێستی رووسیا چییە لەسەر هەڵبژاردنەکە و بێبەشکردنی کورد و درووزەکان؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا: لە نزیکەوە بەدواداچوونمان بۆ هەڵبژاردنەکانی 5ی تشرینی یەکەمی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کۆماری عەرەبی سووریا کرد. وەک دەزانن، ئەندامانی پێشوو بە بڕیاری کۆنفرانسی سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا، کە لە 29ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە دیمەشق بەڕێوەچوو، هەڵوەشێنرانەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی سووریا کە لە 13ی ئاداری ئەم ساڵ لەلایەن سەرۆکی سووریاوە پەسەندکرابوو، دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران، 140 کەس هەڵبژێردران و یەک لەسەر سێی ماوەکەی 70 کەس لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە دەستنیشان دەکرێن. هەڵبژاردنەکان لە دۆخێکی ئاڵۆزی سەربازی و سیاسی لە سووریا بەڕێوەچوون. لەم بارودۆخانەدا، دەسەڵاتداران بڕیاریاندا لەو ناوچانەی باکوور و رۆژهەڵات و باشووری وڵات کە لە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشق نین، هەڵبژاردن نەکرێت. ئێمە ئەم هەڵبژاردنانە بە رووداوێکی گرنگ دەبینین لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی سووریا بۆ باشترکردنی کارکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیریی وڵات. هیوادارین دامەزراندنی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو دروستکردنی سیستمێکی حکومڕانی کاریگەر و بەردەوام لە سووریا کە بە گوێرەی داخوازییەکانی گەلی سووریا بێت. هیوادارین ئەنجوومەنی گەلی سووریای نوێ نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەکان بکات و کارەکانی مەرجە پێویستەکان بۆ مسۆگەرکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەموو هاووڵاتیان دابین بکات، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی."
 
رووداو: 6ی ئەم مانگە، لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا و کوردەکان دروستبوو. هەڵوێستی رووسیا چییە لەسەر ئەو گرژییانە و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا: بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، رۆژی 6ی تشرینی یەکەم، دۆخی شاری حەلەب لە باکووری سووریا زۆر ئاڵۆز بووە. لە نێوان گرووپە چەکدارە کوردییەکان و هێزەکانی حکومەت لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە پێکدادان دروست بوو. لە ئەنجامدا، قوربانی و بریندار هەبوون. رێککەوتنی ئاگربەست کراوە و ئێستا کاری پێدەکرێت. وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاشکرا پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتننامەی 10ی ئازار لە نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتکردەوە، کە دەبێتە هۆی یەکخستنی هێزەکان لە چوارچێوەی یاسایی دەوڵەتدا. بەڵێ، ئێمە نیگەرانین لەو گرژیانە و زیادبوونی گرژییەکان لە سووریا. ئێمە پێشوازی لە ئیرادەی سیاسی دەکەین کە لە لایەن لایەنەکانەوە نیشان دراوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی تووندوتیژی. هیوادارین مەرجە پێویستەکان بڕەخسێنرێن بۆ ئەوەی خۆمان لە خوێنڕشتنی زیاتر بپارێزین و چارەسەرێکی درێژخایەن بەدەست بێنین. بێگومان، رێگریکردن لە قوربانی سڤیل گرنگە. ئێمە دڵنیاین کە دروستکردنی سەقامگیریی متمانەپێکراو و درێژخایەن لە سووریا پێویستی بە گفتوگۆیەکی فراوانە بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، لە هەمان کاتدا رێز لە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کۆمەڵگەی سووریا بگیرێت. بەمەش، ئێمە پشتگیری لە گرنگیی بنەڕەتیی پاراستنی سەروەری، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین.