فرۆشی ساڵانەی پێپسی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپۆرتێکی دارایی کۆمپانیای پێپسیکۆ، کە بەرهەمهێنەری خواردنەوەی گازیی پێپسی و چەندین بەرهەمی دیکەیە، فرۆشی کۆمپانیاکە لەم ساڵانەی دواییدا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبووە.
 
بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیاکە، فرۆشی پێپسیکۆ لە ساڵی 2023ـدا 91.6 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022ـدا 86.4 ملیار دۆلار و لە 2021ـیشدا 79.5 ملیار دۆلار فرۆشی هەبووە . 
 
کۆمپانیای پێپسیکۆی ئەمریکی خاوەنی خواردنەوەکانی وەک پێپسی، ماونتن دیۆ، سێڤن ئەپ، لیپتۆن ئایس تی، میراندا و ئاوی ئەکوافینا، هەروەها هەریەک لە جپسەکانی چیتۆز، دۆریتۆز و لەیزە. ئەمە جگە لە سەدان بەرهەمی دیکە.
 
ئەو کۆمپانیایە لە ئەمریکای باکوور، ئەمریکای لاتین، ئەوروپا، ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باشووری ئاسیا، چین و ئوسترالیا لقی هەیە و زیاتر لە 315 هەزار کارمەندی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
 
رۆژانە نزیکەی 154 ملیۆن بوتڵ/قوتووی پێپسی لە جیهاندا دەفرۆشرێت و فرۆشی ساڵانەی پێپسی زیاتر لە 20 ملیار دۆلارە.
 
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای پێپسی و کارفوور بوونە رۆژەڤی هەواڵی جیهانی کاتێک زنجیرە مارکێتی جیهانیی کارفوور بڕیاری دا، چیدیکە بەرهەمەکانی کۆمپانیای پێپسی (پێپسیکۆ) بەهۆی "گرانکردنی نرخەکان"ـی نەفرۆشێت، کۆمپانیای پێپسیش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "پێش ئەوەی کارفوور ئەو بڕیارە بدات، ئێمە خۆمان بڕیارمان دا بەرهەمیان پێ نەفرۆشین."
 
رۆژی سێشەممە 9-1-2024، گوتەبێژێکی کۆمپانیای پێپسیکۆ رایگەیاند، "ئێمە، پێش کۆتایی ساڵی 2023، لەگەڵ کارفوور نەگەیشتینە رێککەوتن"
 
لیدیا گێرات، شارەزایەکی بواری فرۆشتن دەڵێت، "هیوادارم هەردوولا بگەنە رێککەوتن. رێی تێناچێت پێپسی لە کارفوور نەبێت و رێشی تێناچێت کارفوور پێپسی نەکڕێت."
 

زنجیرە مارکێتەکانی کارفوور لە 30 وڵاتدا 13 هەزار و 894 لقیان هەیە، بەڵام ئەو کێشەیە تەنیا لەگەڵ لقەکانی وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا هەیە.
 
بەناوبانگترین بەرهەمی کۆمپانیای پێپسیکۆ خواردنەوەی گازیی پێپسییە کە لە ساڵی 1893 لەلایەن کاڵب برادام، دەرمانساز دروستکرا. سەرەتا ئەو خواردنەوە گازییە بەناوی پێپسی-کۆلا کەوتە بازاڕ و لە ساڵی 1961 ناوەکەی بۆ پێپسی گۆڕا. 
 
خواردنەوەی پێپسی دووەم خواردنەوەی گازییە لە جیهان کە زۆرترین خواستی لەسەرە.
 
ئەو وڵاتانەی زۆرترین پێپسیان لێ دەخورێتەوە بریتیین لە: ئەمریکا، مەکسیک، هیندستان، کەنەدا، سلۆڤاکیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، دانیمارک، مالیزیا و ئۆکراینا.

 

لە ئەمریکا رۆژانە شەش هەزار و 74 جار لە گوگڵ گەڕان بۆ ناوی پێپسی دەکرێت.