ترەمپ: بە ئاسانی بێت و بە زەحمەتی بێت ئێمە داهاتووی گرینلاند یەکلادەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی ببێتە خاوەنی گرینلاند بۆئەوەی رێگری بکات لەوەی رووسیا و چین لە داهاتوودا هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو دوورگە ستراتیژییە گرنگەی جەمسەری باکوور بدەن.
رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و بۆچوونی نەگۆڕی خۆی لەبارەی داهاتووی گرینلاندەوە دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەو دوورگەیە کە گەورەترین دوورگەیە لە جیهاندا، بەهای جیۆپۆلەتیک و ئاسایشی گەورەی بۆ ئەمریکا هەیە، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە کێبڕکێی تووندی جیهانی لە ناوچەی جەمسەری باکوور هەیە.
بە گوتەی ترەمپ، پێگەی گرینلاند بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا گرنگە، بەتایبەتی لە کاتێکدا وڵاتانی زلهێزی وەکو رووسیا و چین چاویان لەسەریەتیی.
بەڵام سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا، بەبێ دەستێوەردانی ئەمریکا یان خاوەندارێتی، ئەو دوورگەیە مەترسیی راستەوخۆ بۆسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا دروست دەکات.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، جەمسەری باکوور ناوچەیەکی دوور و بێ بایەخ نییە، بەڵکو ناوچەیەکی سەرەکیی کێبڕکێی ستراتیژییە بەهۆی سەرچاوە سرووشتییەکانی، هاتووچۆی بازرگانیی دەریایی و گرنگیی سەربازی.
لێدوان و هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی نیگەران و تووڕە کردووە. لەدوای نوێترین هەڕەشەی ترەمپ، راستەوخۆ بەرپرسانی گرینلاند رایانگەیاند، گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە و دووپاتیان کردەوە، پێویستە پێگەی تایبەتی دوورگەکە وەکو ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارکدا بپارێزرێت.
ئەم لێدوانە نوێیەی ترەمپ دەریدەخات، نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی کاریگەریی چین لەسەر ئاستی جیهان و زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی رووسیا لە جەمسەری باکوور، بەردەوامە.
گرینلاند، کە سەر بە دانیمارکە، لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی نێودەوڵەتیی بۆ خۆی راکێشاوە، ئەمەش بەهۆی خێراکردنی توانەوەی سەهۆڵی جەمسەری باکوور و کردنەوەی هێڵی نوێی کەشتی و دەستگەیشتن بە سەرچاوە سرووشتییە بەنرخەکانی وەک کانزای دەگمەن، نەوت و گاز.
چین خۆی بە "وڵاتێکی نزیک لە جەمسەری باکوور" وەسف کردووە و بایەخی بە پرۆژەکانی ژێرخانی جەمسەری باکوور داوە، لە کاتێکدا رووسیا بوونی سەربازی و وەبەرهێنانەکانی لە ناوچەکەدا فراوان کردووە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئێستا بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لە مشتومڕێکی توونددان لەبارەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیان سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەسەر پرسی گرینلاند.
لەبارەی ئاییندەی سیاسەتی وڵاتەکەی لە بەرامبەر گرینلاند، ترەمپ رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئەوان حەزیان لێبێت یان نا، ئێمە شتێک لە گرینلاند دەکەین، چونکە ئەگەر ئێمە ئەو کارە نەکەین، رووسیا یان چین دەست بەسەر گرینلاند دا دەگرن. دەمەوێت بە ئاسانی مامەڵە بکەم، بەڵام ئەگەر بە ئاسانی نەیکەین ئەوا بە تووندی دەیکەین."
هەروەها گوتیشی، "هەرچۆنێک بێت، منیش هەوادارێکی دانیمارکم. ئەوان زۆر باش بوون لەگەڵم. من هەوادارێکی گەورەم، بەڵام ئەو راستییەی ئەوان 500 ساڵ لەمەوبەر لەوێ بەلەمێکیان هەبوو مانای ئەوە نییە، ئەوان خاوەنی ناوچەکەن. ئێمە بەلەمی زۆرمان هەبوو لەوێ، بەڵام پێویستمان بەو ناوچەیە، چونکە ئەگەر تەماشای دەرەوەی گرینلاند بکەیت ئێستا کەشتیی جەنگیی رووسی و چینی و ژێردەریایی رووسی لە هەموو ناوچەکە هەن. ئێمە دژی ئەوەین رووسیا و چین گرینلاند داگیر بکەن و ئەگەر ئێمە ئەوە نەکەین ئەوان ئەو کارە دەکەن."
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیشی کردەوە، "ناتۆ دەبێت باش لەوە تێبگات، من پاڵپشتیکاری سەرەکیی ناتۆم، پارێزگاریم لێکرد؛ ئەگەر من نەبوومایە، ناتۆ لەوێ نەدەبوو."