فەرەنسا: یەكێتیی ئەورووپا تۆڵەی زیادکردنی گومرگ لە ئەمریکا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا پێناسی گومرگی لە دژیان بسەپێنێت، ئەوا یەکێتیی ئەورووپاش بە گرتنەبەری هەمان رێکار، تۆڵە دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاندبوو، واشنتن ئەم هەفتەیە بە رێژەی 25% پێناسی گومرگ دەخاتە سەر هاوردەی پۆڵا و ئەلەمنیۆم.
لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ژۆن نۆوێل باغۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی TF1ی فەرەنسیدا گوتی، "هیچ دوودڵییەک لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان نییە."
پرسیار لە باغۆ کرا کە ئایا فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا تۆڵەی زیادکردنی گومرگ لە ئەمریکا دەکەنەوە؟ لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان. ئەمە جێی سەرسوڕمان نییە. ئەمە هەمان ئەو شتەیە ترەمپ لە ساڵی 2018 کردی. ئەو کات ئێمەش هەمان شتمان کردەوە. ئەمجارەش هەمان شت دەکەینەوە."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بڕیار دەدات کە چ رێکارێک دژی ئەمریکا بگیرێتەبەر و پێناسی گومرگی بەسەر کامە کەرتدا بسەپێنێت، "لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە جەنگی بازرگانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا بکات."
زیادکردنی گومرگ لەسەر هاوردەی پۆڵا و دوایینی زنجیرەیەک رێکاری ترەمپ بوو کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی بازرگانیی جیهانییان دروستکردووە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، نابێت یەکێتیی ئەورووپا "لەپێشترین پرسی" ئەمریکا بێت، دوای ئەوەی کە ترەمپ هەڕەشەی زیادکردنی گومرگی لە یەکێتییەکە کرد.
ماکرۆن گوتیشی، "ئایا گەورەترین کێشەتان یەکێتیی ئەورووپایە؟ نەخێر، بڕواناکەم. کێشەی یەکەمتان چینە، بۆیە پێویستە سەرنجتان لەسەر کێشەی یەکەمتان بێت." ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی وەڵامدانەوەی رێکارەکانی ئەمریکا بێت.