وەزیری دەرەوەی چین سەردانی ئەورووپا و ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی چین بەنیازە سەردانی ئەمریکا و ئەورووپا بکات، دواتر لە ئەفریقای باشوور بەشداری لە کۆبوونەوەی G20دا بکات.
رۆژی دووشەممە 10-02-2025 وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەردانی بەریتانیا دەکات.
حکومەتی بەریتانیا پشتڕاستیکردەوە، ئەم پێنجشەممەیە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پێشوازیی لە وانگ یی دەکات، "ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە لە گەرمبووندایە."
رۆژی 20 و 21ـی شوباتی ئەم ساڵ کۆبوونەوەی گرووپی 20 لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەدەچێت. ئەمریکا یەکێکە ئەندامەکانی گرووپی 20، بەڵام چوارشەممەی رابردوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداریی لە کۆبوونەوەکە ناکات، چونکە "ئەجێندایەکی دژە ئەمریکی" هەیە.
لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 25ـی کانوونی دووەمی 2025 بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتەکەی لە چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی کشاندووەتەوە؛ لەوانەش رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
گۆ جیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "لە نێوان 12 بۆ 17ـی شوبات، وانگ یی سەردانی بەریتانیا و ئایرلاند دەکات، دواتر بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن سەردانی ئەڵمانیا دەکات. ئینجا دەچێتە شاری یۆهانسبێرگ ئەفریقای باشوور بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی جی 20ـی تایبەت بە وەزیرانی دەرەوە."
ئەندامانی گرووپی جی 20 بریتیین لە: ئەمریکا، بەریتانیا، تورکیا، سعودیە، ئەڵمانیا، فەرەنسا، رووسیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، مەکسیک، چین، هیندستان، ئیندۆنیزیا، بەرازیل، ئوسترالیا، ئەرجەنتین، ئەفریقای باشوور، یەکێتیی ئەورووپا و یەکێتیی ئەفریقا."
جیاکون گوتی: "وانگ یی بەنیازە کۆبوونەوەکەی G20 بۆ ناردنی ئاماژەیەکی تووند بۆ جیهانی دەرەوە بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی پشتگیریی لە فرەلایەنی بکەن. پێویستە جی20 پەرە بە گیانی هاوبەشی بدات، پێکەوە کار بۆ برەوپێدانی گەشەی ئابووریی جیهان بکەن و رابەرایەتیی حوکمڕانیی جیهانی بە ئاراستەیەکی دادپەروەرتر و گونجاوتر بکەن."
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە میونشن وانگ یی، "هەڵوێستی چین لەسەر پرسە نێودەوڵەتییە گەورەکان بەشدەکات."
هەرچی لەبارەی ئەمریکایە، وەزارەتەکەی چین رایگەیاند: "دوای ئەڵمانیا، وانگ یی دەچێتە نیویۆرکی ئەمریکا و لەوێ سەرۆکایەتیی بۆنەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات؛ کە لەبارەی فرەلایەنی، چاکسازی و برەوپێدانی حوکمڕانیی جیهانییە."
گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، لەماوەی سەردانەکەی لەندەن، لامی و یی "گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندییە گرنگەکانی هەردوو وڵات دەکەن، لەوانەش ئاسایشی نێودەوڵەتی و جەنگی نایاسایی رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا. دوو وەزیرەکە باسی پەیوەندیی دووقۆڵیش دەکەن."
لەوکاتەوەی حکومەتی نوێی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی کییەر ستامەر لە تەممووزی پارەوە دەستبەکاربووە، بەریتانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین باشتر کردووە.
رەیچل ریڤس، وەزیری دارایی بەریتانیا مانگی پێشوو سەردانی بێیجینگی کرد و لە مانگی تشرینی یەکەمی پاریش دەیڤد لامی سەردانی چینی کرد.
مانگی تشرینی دووەمی 2024 هەریەک لە ستامەر و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە لووتکەی جی20 کۆبوونەوە.