نەتەوە یەکگرتووەکان: کارەبای کۆبانی گەڕاوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، شاندێکی هەڵسەنگاندنی رێکخراوەکە گەیشتوونەتە نێو شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان.

 

ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە "بەپێی زانیاریی تیمە مەیدانییەکانیان، دۆخی شارەکە تا ڕادەیەک ئارامە، بەڵام خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان هێشتا بە تووندی پەکخراون."
 
دوژاریک ئاشکرای کرد کە ئێوارەی دوێنێ کارەبای گشتیی شارەکە گەڕاوەتەوە، بەڵام هۆشداری دا لەوەی سیستمەکانی ئاو و نەخۆشخانە و نانەواخانەکان بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە بە زەحمەت کار دەکەن. هەروەها نیگەرانیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربڕی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان بەهۆی پەنابردنی خەڵک بۆ سەرچاوەی ئاوی نادڵنیا. تاوەکو ئێستا 46 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی گەیەندراونەتە کۆبانی، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت قەبارەی هاوکارییەکان بەو ئاستە نییە کە پێویستە.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو سەبارەت بە دەنگۆی هەبوونی تاڵانکاری لە کۆبانی دوای پێکدادانەکان، ستێفان دوژاریک رایگەیاند کە هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نییە و داوای کرد بۆ زانیاریی راستەوخۆ پەیوەندی بە تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوخۆی سووریاوە بکرێت.
 
جەختیشی کردەوە کە رێکخراوەکە گەشتی هەڵسەنگاندنی زیاتر ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پێداویستییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە دەستنیشان بکات.
 
دەقی گوتەکانی دوژاریک:
 
سەبارەت بە سووریا، ئەم هەفتەیە شاندێکی هەڵسەنگاندن بە سەرۆکایەتی تیمەکانمان چوونە نێو عەین ئەلعەرەب (کۆبانی) لە پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا، ئەمەش یەکەمجار بوو لە دوای دەستپێکردنی پێکدادانەکان لە مانگی کانوونی دووەمدا (مانگی یەک). دوێنێ، هاوکارانمان لە هاوکارانی فەرمانگەی سەلامەتی و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) گەشتێکی هەڵسەنگاندنیان لە ناو شارەکەدا ئەنجامدا. تیمە مرۆییە ناوخۆییەکان لەوێ پێمان دەڵێن کە دۆخەکە تا ڕادەیەک ئارامە.
 
ئێمە و هاوبەشەکانمان پێشتر دوو کاروانمان گەیاندووەتە شارەکە کە 46 بارهەڵگری هاوکاری و نۆرینگەیەکی گەڕۆکیان تێدا بووە. کاڵا و سووتەمەنی لە ڕێگەی رێگە بازرگانییە سنووردارەکانەوە دەچنە ژوورەوە، هەرچەندە بەو قەبارەیە نییە کە پێویستە. خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان هێشتا بە توندی پەکخراون. سیستمەکانی ئاو تەنیا بەشێکیان کار دەکەن و گاز (دیزڵ) بەکاردەهێنن، نەخۆشخانە و نانەواخانەکانیش بە سووتەمەنییەکی کەمەوە کار دەکەن. هاوبەشەکانمان لەوێ ڕایانگەیاندووە کە ئێوارەی دوێنێ کارەبای گشتی گەڕاوەتەوە.
 
دۆخی ئاو و پاکوخاوێنی و تەندروستی هێشتا جێگەی نیگەرانییەکی گەورەیە، چونکە هەندێک خێزان پەنا بۆ سەرچاوە نادڵنیاییەکانی ئاو دەبەن، کە وەک دەتوانن بیهێننە بەر چاوتان، ئەوە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی رێگەی ئاو زیاد دەکات. پلانی گەشتی هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، و ئێوە لە نوێکارییەکان ئاگادار دەکەینەوە.
 
پرسیاری رووداو و وەڵامی ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: وەک بەدواداچوونێک بۆ ئەو پرسیارەی دوێنێ سەبارەت بە کۆبانی کردم، ئایا خەڵکی ناوچەکە پەیوەندییان بە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەوێ کردووە سەبارەت بەو تاڵانکارییەی کە باس دەکرێت لەوێ ڕوویداوە؟
 
دوژاریک: من هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەوە نییە. هانت دەدەم پەیوەندی بە هاوکارەکانمان لە سووریا بکەیت کە زانیاریی راستەوخۆتر و خێراتریان لایە.