ئوسترالیا هۆشداریی تووند دەداتە کۆمپانیای رۆبلۆکس؛ "منداڵان لە مەترسیدان"

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئوسترالیا رایگەیاند، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای دروستکەری یاریی "رۆبلۆکس" (Roblox) کردووە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی "هەڵخەڵەتاندن و بەکارهێنانی منداڵان" لەنێو یارییەکەدا.
 
وێڕای بەکارهێنانی رۆژانەی یارییەکە لەلایەن ملیۆنان منداڵەوە، حکومەتی ئوسترالیا هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری تووند دەکات ئەگەر کۆمپانیاکە پاراستنی بەکارهێنەرانی مسۆگەر نەکات.
 
ئانیکا وێڵز، وەزیری پەیوەندییەکانی ئوسترالیا رۆژی سێشەممە 10-02-2026 لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمیی ABC گوتی، "پێموایە زۆربەتان وەک من تووشی شۆک بوون بەو زانیارییانەی کە نیشانی دەدەن منداڵانی تەمەن 4 بۆ 5 ساڵ لەنێو ئەم یارییەدا رووبەڕووی تووندوتیژیی بێوێنە و ناوەڕۆکی نەشیاو دەبنەوە."
 
وێڵز ئاماژەی بەوەش کرد، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆکی کۆمپانیاکە کردووە و داوای لێکردوون روونکردنەوە بدەن، چ هەنگاوێکی کردەیی دەگرنەبەر بۆ پاراستنی منداڵان.
 
لە هەمان کاتدا، راپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی "Hindenburg" لە ساڵی 2024ـدا، ئەم پلاتفۆرمەی بە "دۆزەخی لادەرە سێکسییەکان" وەسف کردبوو، کە تێیدا منداڵان بە ئاسانی دەکرێنە ئامانج.
 
وەزیری پەیوەندییەکانی ئوسترالیا داوای لە کۆمیسیاری ئاسایشی ئینتەرنێت کردووە، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری سەپاندنی "سزای بەپەلە" بەسەر کۆمپانیاکەدا بکات.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای رۆبلۆکس لە وەڵامدا رایگەیاند، پێشوازی لە داواکەی وەزیرەکەی ئوسترالیا دەکەن و ئامادەن هەموو ئەو رێکارانە بخەنەڕوو کە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەیان گرتوویانەتەبەر.
 
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، خاوەنی "سیستمێکی بەهێزی ئاسایش"ە و ساڵی رابردوو دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی سیستمی ناسینەوەی دەموچاو (Facial Recognition) بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت چات بکەن، بۆئەوەى ئەگەر منداڵ بن رێگەیان پێنەدرێت.
 
رۆبلۆکس کە ناوەندی سەرەکیی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکایە، لە ساڵی 2004ەوە دامەزراوە و لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە. وێڕای ناوبانگە جیهانییەکەی، پلاتفۆرمەکە مێژوویەکی پڕ لە کێشەی لەگەڵ سیستەمی چاودێری هەیە.
 
بەهۆی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی منداڵان، چەندین وڵاتی وەک تورکیا، عێراق و قەتەر پێشتر بڕیاری قەدەخەکردنی تەواوەتیی ئەم یارییەیان داوە.
 
هەروەها ویلایەتەکانی تەکساس و لویزیانا لە ئەمریکا دۆسیەی یاساییان دژی کۆمپانیاکە کردووەتەوە.