رووسیا هۆشداری دەداتە ئەمریکا؛ بارودۆخی کوبا "مەترسیدارە"
رووداو دیجیتاڵ
کرێملین دەڵێت، دۆخی سووتەمەنی لە کوبا گەیشتووەتە ئاستێکی "مەترسیدار" و واشنتن تۆمەتبار دەکات بەوەی، هەوڵی خنکاندنی ئابووریی ئەو وڵاتە دەدات. دەشڵێت، دژی هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازی دەوەستێتەوە.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاند، "بارودۆخی کوبا بەڕاستی مەترسیدارە. ئێمە ئاگاداری ئەمەین و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و کەناڵەکانی دیکەوە پەیوەندییەکی چڕمان لەگەڵ هاوڕێیە کوباییەکانمان هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە."
ئەم لێدوانانەی رووسیا لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کوبای وەک "هەڕەشەیەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا" ناساندووە. واشنتن بڕیاری داوە رێگری بکات لە گەیشتنی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ کوبا و هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیشی لە وڵاتانە کردووە لە ئەگەری ناردنی سووتەمەنی بۆ ئەو وڵاتە.
حکومەتی کوبا رایگەیاندووە، ناچارە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان کەم بکاتەوە و سووتەمەنی بەشێوەی پچڕ پچڕ دابەش بکات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆکانی بۆ سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە تووندتر کردەوە.
قەیرانی سووتەمەنی گەیشتووەتە ئاستێک کە حکومەتی کوبا هۆشداریی داوەتە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کە لە ئەمڕۆ سێشەممەوە سووتەمەنیی فڕۆکە لە نێوخۆی وڵاتەکەدا دەستناکەوێت.
هەر بەو هۆیەوە، کۆمپانیای "ئێر کەنەدا" رۆژی دووشەممە رایگەیاند، تەواوی گەشتەکانی بۆ کوبا رادەگرێت.
پیسکۆڤ لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، مۆسکۆ تاوتوێی دابینکردنی هاوکاریی بەپەلە دەکات بۆ کوبا، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی کە کاریگەری لەسەر گەشتیارە رووسییەکانیش دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و رووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکان و ئەو سزایانەی بەسەر وڵاتاندا دەسەپێندرێن.
لاڤرۆڤ دەڵێت: "دووپاتی هاوسۆزی خۆمان بۆ گەلانی ڤەنزوێلا و کوبا دەکەینەوە. بڕوامان وایە تەنیا ئەو گەلانە خۆیان مافی ئەوەیان هەیە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن."
سەرەڕای ئەوەی ترهمپ هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ رووسیا دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، بەڵام پرسی کوبا و ڤەنزوێلا وەک یەکێک لە خاڵە هەرە ناکۆکەکانی نێوان واشنتۆن و مسکۆ ماوەتەوە. باڵیۆزی رووسیا لە هاڤانا رایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام نەوتی بۆ کوبا ناردووە و لە داهاتووشدا لەسەر ئەو کارە بەردەوام دەبن.
رۆژی چوارشەممە، 4-2-2026، ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سکرتێری گشتی زۆر نیگەرانە لە بارودۆخی مرۆیی لە کوبا، کە ئەگەر پێداویستییە نەوتییەکانی دابین نەکرێت، بارودۆخەکە خراپتر دەبێت یان تەنانەت دادەڕمێت."