پیاوێکی فەرەنسی دەستدرێژیی کردووەتە سەر 89 منداڵ و دایک و پووریشی کوشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی شاری گرینۆبڵ لە باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 79 ساڵ رووبەڕووی تۆمەتی قورسی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر 89 مێردمنداڵ بووەتەوە، کە لە ماوەی 55 ساڵدا ئەنجامی داون. هەروەها، تۆمەتبارەکە دانی بەوەشدا ناوە کە دایک و پووریشی کوشتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی نووسینگەی داواکاری گشتی، ئەم پیاوە کە لە ساڵی 2024ەوە لەژێر چاودێریی تووند و دەستبەسەریدا بووە، تۆمەتبارە بەوەی لەنێوان ساڵانی 1967 بۆ 2022 زنجیرەیەک دەستدرێژی و هێرشی سێکسیی تووندی کردووەتە سەر منداڵ و مێردمنداڵان.
 
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەم پیاوە بۆ زیاتر لە 5 دەیە توانیویەتی تاوانەکانی بشارێتەوە.
 
لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانی کوشتنیشدا ناوە. ئەو گوتی، لە ساڵانی حەفتاکاندا دایکی خۆی کە نەخۆشییەکی کوشندەی هەبووە، لە رێگەی سەرینێکەوە خنکاندووە.
 
لە هەمان کاتدا، دانی بەوەشدا ناوە کە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا بە هەمان شێواز پووری خنکاندووە، کە بەساڵاچوو بووە.
 
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەش کردووە، بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە بۆ ئەوەیە تاوەکو هەر شایەتحاڵێک یان قوربانییەکی دیکە، پەیوەندی بە دەزگا ئەمنییەکانەوە بکات.
 
ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە فەرەنسا لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین سکانداڵی گەورەی دەستدرێژیی سێکسی بووەتەوە کە بۆ دەیان ساڵ شاردرابوونەوە.
 
مێژووی دادوەریی فەرەنسا لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت دوای سکانداڵی "ئۆترۆ" لە سەرەتای ساڵانی 2000 کە بووە هۆی پێداچوونەوە بە هەموو سیستمە یاساییەکاندا.
 
لە ساڵی 2021ـدا، فەرەنسا یاسایەکی نوێی پەسند کرد کە تێیدا تەمەنی رەزامەندیی سێکسی بۆ 15 ساڵ دیاریکرد و ماوەی بەسەرچوونی یاسایی (Statute of Limitations) بۆ تاوانە سێکسییەکان دژی منداڵان درێژکردەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەوەی تاوانباران بەهۆی تێپەڕبوونی کات لە سزای یاسایی رزگاریان بێت.
 
ئەم دۆسیە نوێیەی شاری گرینۆبڵ وەک یەکێک لە گەورەترین و درێژخایەنترین دۆسیەکانی تاوانی سێکسی لە مێژووی هاوچەرخی فەرەنسا هەژمار دەکرێت.