ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و پاراستنی مافی کورد وەڵامی رووداو دەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دانیشتنێکی تایبەت و فراوانی لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان، ئایندەی سووریا و ئاستەنگەکانی بەردەم واشنتن لە قۆناخی دوای ئەسەد کرد. دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن بۆچوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی وەرگرت.
ناسنامەی کورد؛ پرسێکی چارەسەرنەکراو و نادادپەروەریی مێژوویی
یەکێک لە تووندترین هەڵوێستەکان لەلایەن دارێڵ ئایسا، ئەندامی کۆنگرێسەوە دەربڕدرا کە جەختی لەوە کردەوە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
ئایسا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئاوات و خواستی کوردەکان بۆ هەبوونی ئاستێک لە ناسنامەی کوردی، لەبری ئەوەی بەسەر چەندین وڵاتدا دابەشبن و لە هەر یەکێکیاندا کەمینە بن، پرسێکی چارەسەرنەکراوە."
ئەو نوێنەرەی کۆنگرێس هۆشداری دا، ئەگەر ئەم بابەتە بە دادپەروەری چارەسەر نەکرێ، ئەوا "نادادپەروەرییە بەرامبەر گرووپێکی گەورە کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن زلهێزە داگیرکەرەکانەوە دابەش کراون."
مۆدێلی هەرێمی کوردستان؛ نموونەیەک بۆ سووریا
لەلایەکی دیکەوە جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێس پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ و حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەربڕی.
ویڵسن ئەزموونی هەرێمی کوردستانی وەک هێمایەک بۆ سەرکەوتنی سووریا ناوبرد و بە رووداوی گوت: "دەگەڕێمەوە بۆ نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر، بە تایبەتی کارکردن لەگەڵ پێکهاتەی کوردی لە عێراق. لەوێ بینیم کە دەکرێ سەقامگیری و گەشەسەندنت هەبێت، ئەوە دەبێت ببێتە هێمایەک بۆ سەرانسەری ناوچەکە."
ویڵسن باوەڕی وایە شەرع "هەوڵی دروست دەدات بۆ رێزگرتن لە پێکهاتەکان."
ستراتیژیی گوشار؛ سزاکانی قەیسەر و داعش
مایکل مەکاوڵ، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی کۆنگرێس، هۆشداری دا کە نابێت سووریا فەرامۆش بکرێ، چونکە هێشتا داعش مەترسیی ژمارە یەکە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا.
مەکاوڵ جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەم لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کردەوە و گوتی: "ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ نەکەن، ئەنجامی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەش گەڕانەوەی سزاکانی قەیسەر."
لەم بارەیەشەوە، تیم بێرچێت، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنەکە داوای کرد ئەمریکا هێزی ئابووریی خۆی بەکاربهێنێت نەوەک سەربازی.
پاراستنی پێکهاتەکان و رۆڵی USAID
گرێگۆری میکس، یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای راگرتنی تووندوتیژییەکانی بەرامبەر دروز و کورد و پێکهاتەکانی دیکە کرد.
میکس گوتی: "خۆزگە ئاژانسی USAID و بەرنامەکانی دیکەمان هەبووایە بۆ ئەوەی کەسانێکمان لەوێ هەبن ببنە چاوی ئێمە."
میکس ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەیاسای پاراستنی کورد(Save the Kurds Act) لەگەڵ برایان ماست، چونکە بە گوتەی ئەو، کورد هاوکارییەکی بێوێنەی ئەمریکای کردووە دژی داعش.
ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و گۆشەگیرکردنی ئێران
ئاندی بار، ئەندامێکی دیکەی لیژنەکە، تیشکی خستە سەر لایەنە ستراتیژییەکەی هەڵگرتنی سزاکان، کە ئامانجی "گۆشەگیرکردنی ئێران" و نزیککردنەوەی سووریایە لە رۆژئاوا.
بار گوتی، پێشکەوتنی بنیاتنەر هەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان سووریا و ئیسرائیل، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "نیشاندانی نیازپاکی بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان (لەوانەش کورد) مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و دیمەشق."