جەیمس جێفری لەسەر پرسی سووریا سەردانی برۆکسل دەکات
رووداو - هەولێر
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هەروەها نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی شەری داعش، تایبەت بە دۆخی سووریا و نیگەرانییەکانی تورکیا سەردانی برۆکسل دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاندووە، رۆژی سێشەممە جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەگاتە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆدەبێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جێفری لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ باس لە دۆخی پارێزگای ئیدلب و نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچەکە دەکات.
هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپاش باس لە گەیاندنی هاوکاری و پشتیوانیی مرۆیی بۆ خەڵکی سووریا و بەتەیابەتیش دانیشتووانی پارێزگای ئیدلب دەکات.
راگەیێندراوەکە جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەمریکا لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریایە لە رێگەی بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە کە داوا دەکات ناکۆکییەکان لە رێگەی گفتوگۆ و چارەسەری سیاسییەوە یەکلایی بکرێنەوە.