پۆلیسی ئەڵمانیا: هەشت کەس لە رووداوی تەقەکردنەکەدا کوژراون


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی رووداوی تەقەکردن لە ناوەندێکی ئایینی لە هامبۆرگ کوژران گەیشتووەتە هەشت کەس. تەقەکەرەکە لەنێو کوژراوان دایە و هێشتا پاڵنەری پشت رووداوەکە روون نییە. 
 
رۆژی هەینی 10ـی ئاداری 2023، پۆلیسی هامبۆرگ رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوی تەقەکردنەکەی ناوەندی "یەهۆڤا ویتنیس" هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، گومانلێکراوی تاوانەکەش لەنێویاندایە. گوتیشی، "ژمارەیەک کەسی دیکەش" برینداربوون.
 
بەگوێرەی پۆلیس، تەقەکردنەکە شەوی پێنجشەممە لە ناوەندە ئایینییەکە روویداوە، کاتێک ئەندامانی ناوەندەکە بەشدارییان لە بۆنەیەکی ئایینییدا کردووە. 
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "کارێکی تووندڕەوانە" ناوی برد و گوتی، هزر و بیری لەگەڵ خێزان و کەسوکاری قوربانییاندایە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانی، یەکەمجار دەنگی تەقەکردن کاژێر 21:15 بەکاتی هامبۆرگ [23:15 بەکاتی هەولێر] بیستراوە. پۆلیسی هامبۆرگیش دەڵێت: "تائێستا هیچ زانیارییەکی متمانەپێکراو لەبارەی پاڵنەری پشت تاوانەکە نییە." 
 
دوای رووداوەکە، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداریی "مەترسییەکی گەورە"یان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەوە بۆ خەڵکی نارد و ئاگاداریان کردنەوە بۆ ئەوەی نزیکی ناوچەکە نەکەونەوە، تاوەکو دواتر کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان بەکاتی نێوخۆ نووسینگەی فیدراڵی بۆ پاراستنی سڤیل هۆشدارییەکەی وەستاند. 
 
ناسنامەی هێرشکارەکە
 
زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا گوتی، بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، هێرشکارەکە هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە بە ناوی فلیپ کە تەمەنی 35 ساڵ بووە و خۆیشی یەكێک بووە لە پەیڕەوانی یەهۆڤا ویتنیسس یان "شایەتحاڵانی یەهۆڤا." 
 
لە کاتی رووداوەکەدا، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، فلیپ جانتایەکی بەدەستەوە بووە و بە مەبەست ئەو شوێنەی هەڵبژاردووە. بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەگەر بۆ کەسێک چووبێتە ئەو شوێنە. 
 
زنار شینۆ دەشڵێت، یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە کۆرپەیەک بووە پێش ئەوەی لە دایکببێت. دەشڵێت، نزیکەی 30 کەس لە باڵەخانەکەدا هەبوون. باس لەوەش دەکات، فلیپ هیچ نامەیەک یان پەیامێکی لەدوای خۆی جێنەهێشتووە.
 
 
پێتەر هایت، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە بوولتەنی نیڤرۆژی رووداو، میوانی هێڤیدار زانا بوو و گوتی: "تائێستا باکگراوەندی پشت هێرشەکە نازانین." گوتیشی، ئەوەی تائێستا ئەوان دەیزانن "ئەمە هێرشێکی تیرۆریستی نییە." دەشڵێت، ئەوان سەرنج دەخەنە سەر پێشگرتن لەم هێرشانە.  
 
یەهۆڤا ویتنیس چییە؟ 
 
پیتەر تشێنتشەر، سەرۆکشارەوانیی هامبۆرگ، لە تویتەر "شۆکبوونی" خۆی لە تەقەکردنەکە دەربڕی.
 
پۆلیس داوای لە شایەتحاڵەکان کردووە بێنە پێشەوە و هەر وێنە و ڤیدیۆیەک کە هەیانبێت لە ماڵپەڕێکی تایبەتدا بڵاوی بکەنەوە.
 
نانسی فایزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لێکۆڵەران "بە باشی کاردەکەن بۆ دەستنیشانکردنی باکگراوەندی" هێرشەکە.
 
گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی بڵاویکردەوە کە هێرشکارەکە ئەندامێکی پێشتری کۆمەڵگەی یەهۆڤا ویتنس بووە کە "وەکو کەسێکی تووندڕەو ناسراو نەبوو." 
 
گۆڤارەکە باس لەوەش دەکات کە هێرشکارەکە تەمەنی لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایە و گوتی، لە کاتی هێرشەکەدا "دەمانچەیەکی" بەدەستەوە بووە.  
 
هێرشەکە لە باڵەخانەی هۆڵی یەهۆڤا ویتنیس کینگدۆم روویدا کە باڵەخانەیەکی سێ نهۆمییە و ئەندامەکانی بۆ رێوڕەسمێکی ئایینی کۆبوونەتەوە.
 
لای خۆیەوە، ناوەندی یەهۆڤا ویتنیس کە کار لەسەر بانگەشە بۆ ئایینی کریستیانی دەکات، گوتی لە ناخی دڵەوە بەم "هێرشە تۆقێنەرە" بۆ سەر ئەندامەکانی "تاساوە." 
 
لە ئەڵمانیا نزیکەی 175 هەزار ئەندامی یەهۆڤا ویتنیسن کە لەوانە 3 هەزار و 800 کەسیان لە هامبۆرگن. یەهۆڤا ویتنیس بزووتنەوەیەکی کریستیانیی ئەمریکییە لە سەدەی 19دا دامەزراوە و بانگەشە بۆ ئایینی کریستیان دەکات. 
 
هێرشەکانی پێشوو لە ئەڵمانیا لەلایەن کێوە کراون؟
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە ئەڵمانیا چەند رووداوێکی تەقەکردن روویداون، کە لەلایەن ئەوانەی بە "جیهادی" دەناسرێن و راستڕۆوە تووندڕەوە رەگەزپەرستەکانیشەوە کراون.
 
لە مانگی کانوونی دووەمی 2016دا رووداوێکی تەقەکردن لە مارکێتێکی کریسمس لە بەرلین روویدا و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران، تۆمەتەکەش خرایە پاڵ "موسڵمانێکی پەڕگیر." 
 
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا، لە نێوان ساڵەکانی 2013 و 2021دا ژمارەی ئەو کەسە پەڕگیرانەی وەکو مەترسی بۆ سەر ئەڵمانیا پۆلێنکراون، پێنج هێندە زیادیکردووە. بەجۆرێک ژمارەکە گەیشتووەتە 615 کەس. 
 
تەنیا موسڵمانان نین کە ئەڵمانیا وەکو هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانێت؛ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەڵمانیا بووەتە ئامانجی چەند هێرشێکی کەسانی راستڕۆی تووندڕەو.  
 
لە شوباتی 2020دا، لە شاری هاناوی نێوەڕاستی ئەڵمانیا کەسێکی تووندڕەوی راستڕۆ 10 کەسی کوشت و پێنج کەسی دیکەی بریندارکرد.
 
لە ساڵی 2019شدا، کەسێک کە بە "نازیی نوێ" ناوبرا، دوو کەسی لە کڵێسایەکی جوولەکە لە شاری هاڵێ کوژران.