ترەمپ بۆ ئێران: تەنگەی هورمز دابخەن 20 ئەوەندەی ئێستا بەهێزتر لێتان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەر دەستوەردان لە جووڵەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمزدا بکات، رووبەڕووی وێرانکارییەک دەبێتەوە کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت.
رۆژی سێشەممە 10-03-2026 ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند: "ئەگەر ئێران هەر کارێک بکات کە ببێتە هۆی وەستاندنی جووڵەی نەوت لە ناو تەنگەی هورمزدا، ئەوا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە 20 هێندە تووندتر لەوەی تاوەکو ئێستا لێیان دراوە، لێیان دەدرێت." ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان هەردوو وڵات پێی ناوەتە یازدەمین رۆژییەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئامانجی داهاتوویان ئەو بنکە و شوێنانە دەبن کە بە ئاسانی تێکدەشکێنرێن و وێرانکردنیان وا دەکات "بۆ ئێران مەحاڵ بێت جارێکی دیکە وەک نەتەوەیەک بنیات بنرێتەوە." ترەمپ گوتیشی: "مردن، ئاگر و تووڕەیی بەسەریاندا دەبارێت، هەرچەندە من نزا دەکەم ئەوە روونەدات."
ترەمپ ئەم هەڵوێستە تووندەی بۆ پاراستنی رێڕۆی هورمز وەک "دیارییەکی ئەمریکا بۆ چین" و هەموو ئەو وڵاتانە وەسف کرد کە رۆژانە بە چڕی ئەو تەنگەیە بۆ گواستنەوەی وزە بەکاردەهێنن. سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست، ئەم هەنگاوەی واشنتن لە لایەن پەکین و وڵاتانی دیکەوە بەرز بنرخێندرێت.
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە رێژەی 30٪ بەرزبووەوە. تاران پێشتر چەندین جار هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی کردبوو، کە نزیكەی 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.