دوو کوڕی ترەمپ کۆمپانیای درۆن دادەمەزرێنن


رووداو دیجیتاڵ

دوو لە کوڕەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتیی پڕۆژەیەکی بازرگانیی نوێ دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی سەربازی، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی پێنتاگۆن پڕبکاتەوە و ئەو بۆشاییە نەهێڵێت کە بەهۆی قەدەخەکردنی هاوردەی درۆنی چینییەوە دروست بووە. بەڵام لای هەندێ رەخنەگر، پرسیار و گومانی دروستکردووە بەوەی رەنگە دوو کوڕەکەی ترەمپ بەرژەوەندییان لە جەنگی ئێراندا هەبێت کە باوکیان سەرکردایەتیی دەکات. 
 
دوو کۆمپانیا بڕیاریانداوە بۆ دروستکردنی درۆن یەکبگرن، کە بریتین لە کۆمپانیای پاوەرئەس-ی تایبەت بە دروستکردنی دۆرن و کۆمپانیایەکی دیکە کە یاریگەکانی گۆڵف لە فلۆریدا بەڕێوەدەبات. 
 
ئێریک ترەمپ و دۆناڵد ترەمپی کوڕ، وەبەرهێنەری سەرەکیی یەکگرتنەوەی ئەو دوو کۆمپانیایەن. 
 
کۆمپانیاکان دەیانەوێت ئەو بۆشاییەی درۆن لە بازاڕ پڕبکەنەوە کە بەهۆی قەدەخەکردنی درۆنی نوێی چینی دروستبووە. هەروەها داخوازییەکانی پێنتاگۆن جێبەجێ بکەن لە بواری درۆن.
 
کۆمپانیا نوێیەکە کە هەر بە ناوی پاوەرئەس دەبێت، درۆنی خۆکار بۆ "بەکارهێنانی سەربازی و بازرگانی لە ناوچە زۆر مەترسیدارەکاندا" دروست دەکات. لە راگەیێندراوەکەی کۆمپانیاکەدا هاتووە کە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵگەیە لەسەر پێویستیی بازاڕ بۆ ئەم پڕۆژەیە.
 
بەرپرسانی کۆمپانیای پاوەرئەس رایانگەیاندووە، بەهۆی ئەو یەکگرتنەوە، کۆمپانیاکەیان کە ساڵی رابردوو دامەزراوە، لە مانگەکانی داهاتوودا لە بۆرسەی ناسداک پشکەکانی مامەڵەی پێوە دەکرێن.
 
ماسیو ساکەر، یەکێک لە بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێت: "بەهۆی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، پێویستی بەم جۆرە تەکنەلۆجیا سەربازییانە بووەتە سەردێڕی هەواڵەکان، بۆیە ئەم کۆمپانیایە گرنگیی زیاتری دەبێت."
 
لەلایەکی دیکەوە، جۆردن لیبۆڤیتز، جێگری سەرۆکی رێکخراوی ناحکومیی "هاووڵاتییان لەپێناو بەرپرسیارێتی و رەوشت،" ئەم پڕۆژەیەی بە "شۆکهێنەر" ناو برد.
 
ئەو دەڵێت: "ئەمە لە کاتێکدایە کە دەگوترێت پێویستییەکی زۆر بە درۆن هەیە لەو جەنگەی کە ترەمپ خۆی هەڵیگیرساندووە و تاوەکو خۆیشی بیەوێت بەردەوام دەبێت."
 
بەرپرسی رێکخراوەکە هۆشداریدا: "ئەمە ئەو ترسە دروست دەکات کە رەنگە سەرۆک، ئەمریکای لە جەنگێکدا تێوەگلاندبێت تەنیا بۆ ئەوەی خێزانەکەی قازانجی لێ بکەن."
 
پێشتریش دۆناڵد ترەمپی کوڕ وەبەرهێنانی لە کۆمپانیایەکی دیکەی دروستکردنی درۆن کردبوو. رێکخراوەکانی چاودێری دەڵێن، ئیدارەی ترەمپ پڕە لە گومانی تێکەڵکردنی بەرژەوەندیی گشتی لەگەڵ بەرژەوەندیی تایبەتیی خێزانەکەی، وەک چۆن پێشتریش بانگەشەیان بۆ دراوی دیجیتاڵی کردووە کە خێزانەکەی وەبەرهێنانیان تێدا کردبوو.