ماکرۆن دەڵێت هەوڵی پێکهێنانی هێزێک بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا و بەشێک لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێکهێنانی هێزێکی "بەرگری" بە مەبەستی کردنەوەی تەنگەی ستراتیجیی هورمز. هەروەها هۆشدارییش دەدات، تەنیا بە بۆردوومان گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئێران ناکرێت.
رۆژی دووشەممە سەرۆکی فەرەنسا بە هێلیکۆپتەر لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل نیشتەوە کە رەوانەی دەریای نێوەڕاست کراوە دوای ئەوەی هێرشەکانی 28ی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و ناوچەکەی خستە نێو پشێوییەوە.
ماکرۆن لە سەردانەکەیدا بۆ قوبرس رایگەیاند، ئامانجی ئەرکەکەیان لە هورمز، یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان دەبێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ تەنگەکە بکەنەوە "دوای کۆتاییهاتنی گەرمترین قۆناخی ململانێکان."
سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "ئەمە بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی زۆر پێویستە، هەروەها بۆ رۆیشتنی گاز و نەوت، کە دەبێت جارێکی دیکە بتوانن لەم ناوچەیە [کەنداو] بچنە دەرەوە."
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ نیکۆس کریستۆدۆلیدس، سەرۆکی قوبرس و کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەورووپی و دەرەوەی ئەورووپا بەشداری لەم ئەرکەدا دەکەن کە "تەواو بۆ بەرگری و پشتیوانییە."
سەردانەکەی ماکرۆن بۆ قوبرس دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو ئەو وڵاتە کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە بە درۆنی دروستکراوی ئێران کرایە ئامانج. سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "کاتێک هێرش دەکرێتە سەر قوبرس، واتە هێرش کراوەتە سەر ئەورووپا."
بەهۆی ئەو هێرشەوە، فەرەنسا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل و یەکەکانی بەرگریی ئاسمانیی رەوانەی قوبرس کرد و پاریس جەخت دەکاتەوە کە هەبوونی هێزەکانی لە ناوچەکە "تەنیا بۆ بەرگرییە."
"بۆردوومان گۆڕانکاری ناهێنێت"
لە هێرشە سەرەتاییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و رۆژی دووشەممەش موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی دیاریکرا.
لەسەر کەشتیی شارل دیگۆل، ماکرۆن رایگەیاند، ماوەی ململانێکان پەیوەستە بە ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە گۆڕانکاریی "گەورە" لە سەرکردایەتیی ئێراندا "تەنیا لەرێگەی بۆردوومانی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە روونادات."
ماکرۆن گوتیشی، "ئێمە خۆمان بۆ مانەوە ئامادە دەکەین، چونکە جەنگەکە لەم قۆناخە چڕەدا، رەنگە چەند رۆژێک و لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت."
هاوکات کۆشکی ئێلیزێ رایگەیاند کە هەر رۆژی دووشەممە، سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لوبنان، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەی کردووە.