راپرسییەک: زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکا دژی شەڕی ئێرانن و پێشبینی دەکەن چەندین مانگ بخایەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپرسییەکی نوێی زانکۆی (کوینپیاک)ی ئەمریکا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، زۆرینەی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە دژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلن لەگەڵ ئێران، هەروەها زۆربەیان پێشبینی دەکەن شەڕەکە بۆ چەندین مانگ بەردەوام بێت.
 
تیم مالۆی، شیکەرەوەی راپرسییەکە رایگەیاند: "دەنگدەران دڵخۆش نین بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران و دژایەتییەکی زۆریش هەیە بۆ ناردنی هێزی زەینیی ئەمریکی بۆ نێو خاکی ئێران."
 
بەگوێرەی راپرسییەکە، 55%ی ئەمریکییەکان، لەنێویاندا 82%ی دیموکراتەکان و 63%ی دەنگدەرە سەربەخۆکان، پێیان وایە ئێران هەڕەشەیەکی سەربازیی دەستبەجێ نەبووە بۆ سەر ئەمریکا. لە بەرامبەردا، 74%ی کۆمارییەکان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نین.
 
زیاتر لە 3 لەسەر 4ی دەنگدەران (77%) پێیان وایە ئەگەری هەیە هێرشی تیرۆریستی لەنێو خاکی ئەمریکادا رووبدات وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکان، لە کاتێکدا تەنیا 19% پێیان وایە ئەو ئەگەرە دوورە یان هەر بوونی نییە.
 
لە بەشێکی دیکەی راپرسییەکەدا هاتووە، پەسندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 37%ـە، کە نزیکە لە هەمان ئەو رێژەیەی لە راپرسیی 4ی شوباتدا تۆمار کرابوو. ترەمپ باشترین نمرەی لە پۆستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هێناوە کە 42%ی دەنگدەران لێی رازین.
بەڵام رێژەی ناڕەزایەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی لە بوارەکانی سیاسەتی دەرەوە (40%)، ئابووری (39%) و پرسی ئێران (38%) بە نزمی ماونەتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووری کە 58%ی دەنگدەران لێی ناڕازین و ئەمەش خراپترین ئاستی ترەمپە تاوەکو ئێستا.
 
هەروەها مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە (40%) و پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری (38%) رێژەی پەسندکردنیان لە ئاستێکی نزمدایە.
 
سەبارەت بە ماوەی شەڕەکە، تەنیا 21% پێیان وایە لە چەند رۆژ یان هەفتەیەکدا کۆتایی دێت، لە کاتێکدا 32% دەڵێن چەند مانگێک دەخایەنێت، 13% پێیان وایە ساڵێک دەخایەنێت و 26%یش پێشبینی دەکەن زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بێت.
 
تیم مالۆی دەڵێت: "رەنگە بەهۆی یادەوەرییەکانیان لە شەڕە درێژخایەنەکان، ئەمریکییەکان هیچ کۆتاییەکی نزیک بۆ ئەم پشێوییە گەورەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبینن؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 74%ی دەنگدەران پێشبینی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی دەکەن و گوتی: "کاتێک نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان لە ناوچەیەکەوە دێت کە بەدەست ململانێوە دەناڵێنێت، بێگومان کاریگەرییەکەی دەگاتە وێستگەکانی سووتەمەنی لە ناوخۆدا."
 
دەنگدەران بە یەکسانی دابەش بوون (44% بەرامبەر 44%) لەسەر ئەوەی ئایا ئەمریکا زۆر پشتگیریی ئیسرائیل دەکات یان پشتگیرییەکەی گونجاوە، لە کاتێکدا تەنیا 5% پێیان وابووە پشتگیرییەکە پێویست نییە. ئەمە بەرزترین رێژەی ئەو دەنگدەرانەیە کە دەڵێن ئەمریکا زۆر پشتگیریی ئیسرائیل دەکات لەوەتەی ساڵی 2017ـەوە کە ئەم پرسیارە لە راپرسییەکاندا زیاد کراوە.
 
ئەم راپرسییە لەنێوان 6 بۆ 8ی ئازار ئەنجامدراوە و 1,002 دەنگدەر تێیدا بەشدار بوون.