وەزیری جەنگی ئەمریکا: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران چڕتر دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی دژی ئێران بە سەرکەوتوویی بەردەوامە و تاران لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دراوە و خەریکە تێکدەشکێت. دەشڵێت، ئەمە جەنگێکی نەبڕاوە نییە و ئامانجەکەی تەنیا چەککردنی ئێرانە لە مووشەک و چەکی ئەتۆمی.
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، لە واشنتن، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی نوێی رۆژی دەیەم و یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"یان بۆ سەر ئێران خستەڕوو.
هێگسەس: ئێران بە تەنیا ماوەتەوە و بە خراپی دەدۆڕێت
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخی مەیدانی جەنگەکە گوتی: "رژێمی ئێران وەک تیرۆرستە ترسنۆکەکان پەلەقاژە دەکات. ئەوان مووشەک لە قوتابخانە و نەخۆشخانەکانەوە دەهاوێژن، چونکە دەزانن سوپاکەیان بە شێوەیەکی سیستماتیک تێک دەشکێنرێت." جەختیشی کردەوە "دراوسێکانی ئێران و هاوپەیمانە پێشووەکانیان لە کەنداو وازیان لێ هێناون و ئێران ئێستا بە تەنیا وەستاوە و بە خراپی دەدۆڕێت."
لەبارەی ئامانجەکانی جەنگەکە، پیت هێگسەس ئاماژەی بەوە کرد، سێ ئامانجی سەرەکییان هەیە: "خاپوورکردنی کۆگەی مووشەکەکان، لەنێوبردنی هێزی دەریایی ئێران و رێگریکردنی هەمیشەیی لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
گوتیشی: "ئەمە ساڵی 2003 نییە و جەنگێکی نەبڕاوە نییە بۆ دروستکردنی نەتەوە، بەڵکو ئەرکێکی وردە بۆ تێکشکاندنی دووژمن لەسەر خشتەی کاتیی خۆمان."
سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپای ئەمریکا: تێکشکاندنی 50 کەشتی جەنگی و 5000 ئامانج
دان کەین، ئامارە نوێیەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار ئامانجمان لە ناو خاکی ئێران پێکاوە. هێرشە مووشەکییەکانی ئێران 90٪ و هێرشی درۆنەکانیان 83٪ کەمی کردووە."
دان کەین ئاشکرای کرد، لە 10 رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا، توانیویانە زیاتر لە 50 کەشتی جەنگیی ئێران تێکبشکێنن، لەوانە کەشتییەکی درۆن هەڵگر. گوتیشی: "ئێمە ئێستا لە ئاسمانی ئێراندا باڵادەستی تەواومان هەیە و بەردەوامین لە پێکانی بنکە پیشەسازی و سەربازییەکانی ئەو رژێمە."
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە. هەروەها، ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداو.
هۆشداریی تووند لەبارەی تەنگەی هورمز
وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەگەر ئێران هەوڵ بدات هاتووچۆی نەوت لە تەنگەی هورمز رابگرێت، "ئاگر و تووڕەییان بەسەردا دەبارێنین و 20 هێندە تووندتر لەوەی ئێستا لێیان دەدەین."
رۆژێک دوای دەستپێکی جەنگەکە، ئێران وڵاتان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی ئاگادارکردەوە لە هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە تەنگەکەدا. ئەمەش بووتە هۆی راگرتنی گواستنەوەی نەوت بەو ناوچەیەدا و بەرزبوونەوەی نرخی وزە.
سەبارەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ پەیوەندییەکی "باش و تووندوتۆڵی" لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا هەبووە و تێیدا رووسیا ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت تێوەبگلێت لەم جەنگەدا.