دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و پرسی ئاگربەست

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو جەرگەی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، ناوچەکە هەڵکشانی سیاسی و سەربازیی نوێی بەخۆیەوە بینیوە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هۆشداری لە سەر وەرگرتنی "باج" دەدات، ئیسرائیل داوای گفتوگۆ بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا دەکات و هاوکات بۆردومانەکانی بۆ سەر بەیرووت چڕتر کردووەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن ئێران باج (پارە) لەو کەشتییانە وەردەگرێت کە بە ناو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "راپۆرت هەن ئێران پارە لە کەشتییەکان وەردەگرێت؛ باشتر وایە وا نەکەن، ئەگەر واش دەکەن، دەبێت رێک ئێستا رایبگرن." ترەمپ گوتیشی، زۆر بە خێرایی نەوت دەست بە رۆیشتن دەکات، "ئێران یارمەتیدەر بێت یان نا."
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە کابینەکەی کردووە دەست بە "گفتوگۆی راستەوخۆ" لەگەڵ حکومەتی لوبنان بکەن. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە واشنتن بەڕێوەبچن، بریتین لە چەککردنی حیزبوڵڵا و  دروستکردنی "پەیوەندیی ئاشتی" لە نێوان هەردوو وڵاتەکە. 
 
لەگەڵ ئەم هەوڵە سیاسییانە، سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی دایە دانیشتووانی گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، ئەمەش وایکرد رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) نیگەرانیی خۆی نیشان بدات، چونکە دوو نەخۆشخانەی گەورە لە ناو بازنەی مەترسیی بۆردووماندایە. تەنیا دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، 300 کەس کوژران و زیاتر لە 1,000 کەسیش بریندار بوون.
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لە سەر پێویستیی داڕشتنی "پلانێکی کردەیی" بۆ ئاساییکردنەوەی خێرای کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز. هەردوو سەرۆک پێیان وایە دوای راگەیاندنی ئاگربەست، کاتی ئەوە هاتووە رێگری لە پەککەوتنی زیاتری بازرگانیی جیهانی بگرن.
 
وڵاتانی وەک چین، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، رووسیا و تورکیا بە فەرمی داوایان کرد کە دەبێت ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران، بەرەی لوبنانیش بگرێتەوە. بەڵام نەتەنیاهوو جەختی کردەوە، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە لێدانی حیزبوڵڵا بە "هێز و بڕیارێکی تەواوەوە" و ئاگربەستەکە ئەو بەرەیە ناگرێتەوە. حیزبوڵڵاش لە لایەن خۆیەوە هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل رەتکردەوە.
 
لە ناوخۆی ئێران، هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران،کە لە یەکەم رۆژی جەنگدا (28ـی شوبات) لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا. لایەنگرانی دەسەڵات وێنەی رێبەرەکەیان و ئاڵای وڵاتیان بەرزکردبووەوە.
 
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری دا، جەنگەکە کاریگەریی "بریندارکەر"ی لە سەر گەشەی ئابووریی جیهان دەبێت. جۆرجێڤا رایگەیاند، سندوقەکە ئامادەیە بڕی 50 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی خێرا پێشکەشی ئەو وڵاتانە بکات کە بەهۆی جەنگەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.