ترەمپ: ئێرانییەکان هیچ کارتێکی گوشاریان نییە و تەنیا بۆ دانوستاندن لە ژیاندان
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی زارەکیی نوێی کردە سەر سەرکردایەتیی ئێران و رایگەیاند، تاران هیچ کارتێکی گوشاری بەدەستەوە نییە جگە لە "سەرانەوەرگرتن" لە جیهان لە رێگەی رێڕۆ ئاوییەکانەوە.
رۆژی هەینی، 10ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی (تروس سۆشیاڵ) لە دوو پەیامی جیاوازدا رەخنەی تووندی لە هەڵوێستەکانی تاران گرت و نووسی: "وادیارە ئێرانییەکان لەوە تێناگەن کە هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەماوە، جگە لە سەرانەوەرگرتنێکی کورتخایەن لە جیهان لە رێگەی بەکارهێنانی رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانەوە".
سەرۆکى ئەمریکا راشیگەیاند: "تەنیا هۆکارێک کە وایکردووە ئەوان (سەرکردەکانی ئێران) تاوەکو ئێستا بە زیندوویی بمێننەوە ئەوەیە دانوستاندن بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامی دووەمیدا گاڵتەی بە توانای سەربازیی ئێران کردووە و رایگەیاند: "ئێرانییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ میدیای هەواڵی ساختە و پەیوەندییە گشتییەکان زۆر باشترن وەک لە شەڕکردن."
ئەم پەیامەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە یاوەریی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر گەیشتوونەتە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان، تاوەکو بەیانیی رۆژی شەممە یەکەمین گەڕی دانوستاندنە رووبەڕووەکان لەگەڵ شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف ئەنجام بدەن.