یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدات: لە سێ هەفتەدا رووبەڕووی کەمیی سووتەمەنیی فڕۆکە دەبینەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا هۆشدارییەکی تووند دەدات کە ئەگەر شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام بێت، رەنگە لە کەمتر لە سێ هەفتەدا فڕۆکەخانەکانی یەکێتیی ئەورووپا رووبەڕووی کەمیی سووتەمەنیی فڕۆکە و پچڕانی گەشتە ئاسمانییەکان ببنەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێک، ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 500 فڕۆکەخانە دەکات، داوای لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا کردووە دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دروستکردنی یەدەگی ستراتیجیی سووتەمەنیی فڕۆکە .
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، گەرووی هورمزی پەکخست کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشتر ئەورووپا بەهۆی سزاکانی سەر رووسیاوە زۆر پشتی بە سووتەمەنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبەست، کە ئێستا ئەویش لە مەترسیدایە.
 
توانای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆگاکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە سنووردارە. ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا دەڵێت، یەدەگی ئێستایان هێندە نییە کە بتوانێت بەرگەی ماوەیەکی درێژ بگرێ ئەگەر دابینکردنی سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بووەستێت.
 
بەگوتەی ئەنجوومەنەکە، ئەگەر رەوشی کەنداو ئاسایی نەبێتەوە، ئەوا کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی سووتەمەنی "لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا" لەسەر ئاستی جیهانی و بەتایبەتی لە ئەورووپا دەردەکەون، کە دەبێتەهۆی دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان.
 
چارەسەر چییە؟
 
1.ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەورووپا داوا لە کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەکات: کارئاسانی بکرێ بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی لە وڵاتانی دیکە، وەک ئەمریکا.
 
2. یارمەتی بدرێت بۆ دابەشکردنێکی باشتر و دادپەروەرانەی ئەو یەدەگەی ئێستا هەیە لەنێوان فڕۆکەخانەکانی ئەورووپادا.