وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: دەبێت تەنگەی هورمز بە بێ مەرج بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە مانشن هاوس لە لەندەن، داوای کردنەوەی "تەواوەتی و بێ مەرجی" تەنگەی هورمزی کرد. کووپەر هۆشداری دا، جیهان ناتوانێت رێگە بدات رێڕۆ نێودەوڵەتییەکان ببنە بارمتەی سیاسی و جەختی کردەوە، هەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تووندی رەخنەی لە رەفتارەکانی ئێران گرت و گوتی: "رێڕۆی بازرگانیی قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، عێراق، سعودیە و عومان هەمووی لە لایەن ئێرانەوە رفێندراوە تاوەکو ئابووریی جیهان بە بارمتە بگرن." کووپەر جەختی کردەوە، تەنگەی هورمز رێڕۆیەکی نێودەوڵەتییە و بەپێی یاساکانی دەریا، هیچ وڵاتێک بۆی نییە دایبخات.
لە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە وەرگرتنی باج دەکەن لە تەنگەکەدا، کووپەر گوتی: "ئازادییەکانی دەریا نابێت بە تەنیا لە لایەن لایەنێکەوە هەڵبوەشێنرێنەوە یان بفرۆشرێن، تەنگە نێودەوڵەتییەکان جێگەی وەرگرتنی سەرانە نین. ئازادیی کەشتیوانی واتە دەبێت بێ بەرامبەر بێت."
یڤێت کووپەر ئاشکرای کرد، لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوە کردەییەکان بۆ رزگارکردنی ئەو 20,000 دەریاوانەی کە ئێستا لە ناو تەنگەی هورمزدا گیریان خواردووە. کووپەر گوتی: "ئەمە هەنگاوێکی مرۆیی و ئابووریی سەرەکییە کە دەبێت دەستبەجێ بکرێت."
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەربڕی کە رۆژی چوارشەممە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 300 کەس. کووپەر گوتی: "با روون بم، هەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەبێت لوبنانیش بگرێتەوە. ئێمە ناگەینە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر قەیرانی لوبنان بەردەوام بێت."
ئەم گوتارەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کاتێکدایە، ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی ئەمریکا و ئێران بەهۆی توندبوونەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت، تووشی لەرزۆکی بووە و تارانیش هەڕەشەی "وەڵامی تووند" دەکات."