زانیاریی تایبەت؛ کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بە ژمارەی گەورە بۆ عێراق و کوردستان دیپۆرت دەکرێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە بەردەوامی هەواڵی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی خەڵک بۆ عێراق و باشووری کوردستان بڵاودەکرێتەوە. پێشتریش لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لەنێوان بەرلین و بەغدا رێککەوتن کراوە لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی چانسی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نەماوە.
 
هیچیەک لە حکومەتەکانی ئەڵمانیا و عێراق بە فەرمی پشتڕاستی ناکەنەوە کە ئەو رێککەوتنە هەیە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیای فیدراڵ بەتایبەت بۆ رووداو و بەرنامەی دیاسپۆرا ناردوویەتی، دەردەکەوێت کە کۆچبەران بە ژمارەی گەورە و تاوەکو دوو هەفتە لەمەوپێش، بۆ عێراق و کوردستان دیپۆرت کراونەتەوە.
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا بەردەوام لەسەر ئەو دۆسیەیە کار دەکات. ئەمڕۆ گوتەبێژێکی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی پێنج پرسیاری زناردا ئاشکرای کردووە، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا ئەڵمانیا 222 هاووڵاتیی عێراقی دیپۆرت کردوونەتەوە، 169 کەسیان نێردراونەتەوە عێراق و کوردستان و 53 کەسیش نێردراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی دیکە کە پێشتر کۆچبەران لێیەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا.
 
وەک لە وەڵامەکانی وەزارەتی نێوخۆی ئەڵمانیادا دەردەکەوێت، 22 هەزار و 757 هاووڵاتیی عێراقی بڕیاریان لەسەر دراوە کە ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، کە 20 هەزار و 611 کەسیان (دودڵدونگ)یان هەیە، کە جۆرێکە لە چاوپۆشیکردن لە دەرکردنی کۆچبەران لەلایەن هەرێمەکانەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری رووداو داوای لە حکومەتەکانی هەردوو هەرێمی بایەرن و نۆردراین-ڤێستڤالنی ئەڵمانیا کردبوو، داتای وردی سەبارەت بە کۆچبەرانی کوردستانی و عێراقی بدەنێ؛ لەو دوو هەرێمەدا زۆرترین کۆچبەری باشووری کوردستان کۆبوونەتەوە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی ئەو حکومەتانە ئەم هەفتەیە بۆ رووداو ناردوویانە، لە بایەرن 77 هاووڵاتیی عێراقی دیپۆرتکراونەتەوە و 288 کەسیش بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە عێراق و کوردستان؛ بەڵام هەرێمی نۆردراین-ڤێستڤالن هیچ هەڵمەتێکی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی لە ساڵی 2024دا نەبووە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو لە کۆی 27 هاووڵاتیی عێراق کە لەو هەرێمە دیپۆرتکراون، 14 کەسیان نێردراونەتەوە بۆ عێراق.