هاوڕێیەکی: خەتەر نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێنی هەبوو و چارەسەری وەردەگرت

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوڕێیەکی نزیکی خەتەر دەڵێت، ئەو هونەرمەندە کوردە دوو ساڵ لەمەوبەر نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێنی هەبووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، خەتەر یەکەمین کەس بووە لە ئەڵمانیا درووشمی ''کورد و کوردستان''ـی داهێناوە.
 
سیدار جۆشکون، هاوڕێی 20 ساڵەی هونەرمەند خەتەرە، شەوی هەینی، 9ـی ئایاری 2025 میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشكێشی دەکات.
 
جۆشکون دەڵێت، خەتەر نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێنی هەبووە "دوو ساڵ پێش ئێستا پێیزانی و چارەسەری وەردەگرت. ئێمە زوو زوو یەکدیمان نەدەبینی. بەڵام نەخۆشییەکەی ئەوم لە هاوڕیکانی دیکەم دەبیست''.
 
بە گوتەی جۆشکون، خەتەر "بەنێوبانگترین" هونەرمەندی راپ بووە لە ئەڵمانیا و ئەو یەکەمین کەس بووە لە ئەڵمانیا درووشمی ''کورد و کوردستان''ـی داهێناوە.
 
هاوڕێکەی خەتەر باس لەوەش دەکات، ''هەموو گەنجانی کورد پاڵپشتییان لەو دەکرد. هەمووان گوێیان لە میوزیکی ئەو دەگرت. هەروەها ئەڵمانییەکانیش ئەویان زۆر خۆشدەویست''.
 
هونەرمەند ژیوار حاجبی، ناسراو بە خەتەر، کە خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، شەوی پێنجشەممە 8-5-2025 لە تەمەنی 43 ساڵیدا لە ئەڵمانیا گیانی لەدەستدا.
 
خەتەر، راپەر و پرۆدیوسەر و کارسازی ناسراوی کوردستانی و ئەڵمانی، یەکێک بوو لە کاریگەرترین هونەرمەندەکانی 30 ساڵی رابردووی بواری راپ لە ئەڵمانیا و ئەورووپا.
 
میدیای ئەڵمانیا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی بە ''ئەفسانەی راپ'' ناویان هێناوە.
 
پێشتر خەتەر میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو بوو و باسی سەختییەکانی ژیانی کرد. بەهۆی دەنگدانەوەی کارەکانی و ماوەیەکیش کەوتنە زیندانەوە، ژمارەیەکی زۆر بەڵگەفیلم و ریپۆرتاژ لەسەر ژیان و کەسایەتیی خەتەر لە میدیای ئەڵمانی و ئەورووپیدا بەرهەمهاتوون.