ترەمپ: هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەست رێککەوتن
رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ دەڵێت، بە نێوەندگیریی ئەمریکا؛ هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی "تەواو و دەستبەجێ" رێککەوتن.
رۆژی شەممە 10-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "دوای چەندین گفتوگۆی درێژی دوێنێ شەو، کە ئەمریکا نێوەندگیریی تێدا کرد، دڵخۆشم کە رایدەگەیێنم هیندستان و پاکستان لەسەر ئاگربەستێکی تەواو و دەستبەجێ رێککەوتن."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پیرۆزە لە هەردوو وڵات کە ژیری، دانایی و زیرەکییەکی مەزنیان بەکارهێنا."
لە رۆژی 06-05-2025ـەوە هیندستان و پاکستان لەسەر سنووری نێوانیان لە هەرێمی کشمیر؛ بە تۆپ، فڕۆکە، مووشەک و درۆن رووبەرووی یەک دەبوونەوە.
سەرچاوەی کێشەکە لەوە سەریهەڵدا، کە رۆژی 22ـی مانگی رابردوو، لە هەرێمی کشمیر 26 گەشتیاری هیندۆس بە دەستی چەند چەکدارێکی پاکستانی کوژران. هیندستان پاکستانی بە تۆمەتبار زانی و هێرشی کردەسەر.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "لە 48 کاژێری رابردوو، من و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هیندستان و پاکستان لە پەیوەندیدا بووین. خۆشحاڵم کە دوو حکومەتەکە بە ئاگربەستی دەستبەجێ رازی بوون، هەروەها رێککەوتن لەسەر چەندین پرس گفتوگۆ بکەن."
محەممەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند: "لەگەڵ هیندستان لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ رێککەوتین. بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە بەدیبێت، بەبێ ئەوەی سەروەریی هیچ لایەک ببەزێنین."
چی روویدا؟
- رۆژی 22-04-2025، لە ناوچەی پەهلگام لە کشمیر، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک گەشتیار کە زۆرینە هیندۆس بوون، 26 کەسیان کوشت. هیندستان گوتی پاکستان "پشتیوانیی لە چەکدارەکان کردووە" و پاکستان رەتی کردەوە.
- رۆژانی 24 و 25-04-2025، هێزەکانی هیندستان ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و لێکۆڵینەوەیان لە پەهلگام کرد و خانووی چەند چەکدارێکی گومانلێکراویان رووخاند. شەڕە تەقە لەسەر هێڵی نێوان کشمیری هەردوولا دروستبوو.
- رۆژی01-05-2025، پاکستان گوتی، هیندستان خۆی بۆ هێرشکردن ئامادە دەکات.
- رۆژی 06-05-2025، هیندستان "ئۆپەراسیۆنی سندوور"ـی راگەیاند و یەکەم هێرشی ئاسمانی کردە سەر پاکستان. لە هێرشەکەدا 9 بنکەی پاکستان کرانە ئامانج. پاکستان گوتی پێنج فڕۆکەی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە و شەڕە تۆپ لە کشمیر روویدا.
- رۆژی 08-05-2025، پاکستان رایگەیاند 12 درۆنی هیندستانییان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندبوو. پاکستان بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شارێکی هیندستان، لەوانەش ئامریتسار. هیندستان سیستمی بەرگریی S-400ـی دژی مووشەکەکان چالاککرد.
- رۆژی 10-05-2025: پاکستان رایگەیاند، هیندستان بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر سێ بنکەی هێزی ئاسمانی و بە درۆن وەڵامی دایەوە.
- لە تەواوی پێکدادانەکاندا تاوەکو ئێستا، لانیکەم 16 سڤیل و سێ سەربازی هیندستان کوژراون و 59 سڤیل و دوو سەربازیش برینداربوون. لە پاکستانیش لانیکەم 48 سڤیل کوژراون هەروەها 108ـی دیکە برینداربوون. بەگوێرەی چەند ئامارێکی نافەرمی، زیاتر لە 70 چەکداری پاکستانی کوژراون.