دوای 53 ساڵ گیرخواردن لە بۆشایی، کەشتیێکی شکستخواردووی سۆڤیەت کەوتە نێو زەریای هیندی

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە نیو سەدە گیرخواردن لە بۆشایی ئاسمان، کەشتییەکی ئاسمانیی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت ئەمڕۆ شەممە، کەوتەوە ناو زەریای هیندی لە رۆژئاوای جاکارتای ئیندۆنیزیا.
 
لە کۆتایی کێبڕکێی بۆشایی ئاسمانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، کەشتیی کۆزمۆس 482 لە ساڵی 1972 لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە رەوانەی بۆشایی کرا بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر هەسارەی ڤینۆس (زوهرە) کۆبکاتەوە، بەڵام لە خوولگەی زەویدا پەکیکەوت و بۆ ماوەی 53 ساڵ لەوێ بە وێڵی مایەوە.
 
ئەم کەشتییە بۆ ئەوە دروستکرابوو تاوەکو بڕوات ئەرکی کەشتیی (ڤێنێرا 8) تەواو بکات. 
 
ڤێنێرا 8 لە ساڵی 1972 هەڵدرا و توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لەسەر ڤینۆس بنیشێتەوە، بەڵام بەهۆی گەرمای لەڕادەبەدەری رووی هەسارەکەوە، تەنیا 50 خوولەک بەرگەی گرت و لەکارکەوت. 
 
ڤینۆس دووەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرە و دەکەوێتە نێوان عەتارد (یەکەم) هەسارە و زەوی (سێیەم). 
 
هۆکاری شکستهێنانی کۆزمۆس 482 تێکچوونی بەشی سەرەوەی مووشەکی سۆیۆز بوو کە لەسەری بەسترابوو. 
 
کێشەکە وای لە مووشەکەکە کرد، خێراییەکەی نەگاتە ئاستی پێویست بۆ دەربازبوون لە خوولگەی شێوە هێلکەیی زەوی. 
 
دواجار ئەمڕۆ بە وێڵی گەڕایەوە بۆ زەوی، بە واتەیەکی دیکە، کەوتە خوارەوە. 
 
وێڕای ئەوەی کەوتنەخوارەوەی کەشتییەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبوو، هێشتا نازانرێت ئایا کەشتییەکە بە تۆکمەیی گەڕاوەتەوە یانیش بەهۆی کاریگەریی بەرگە هەواوە سووتاوە و شیبووەتەوە. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی رووسیا (رۆسکۆزمۆس)، "کۆزمۆس 482 دوای گەڕانەوەی لە خوولگەی زەوی و کەوتنەوەخوارەوەی بۆ نێو زەریای هیندی، چیدیکە نەماوە."
 
کاتێک تەنێک لە بۆشاییەوە دێتە نێو بەرگەهەوای زەوی، چ کەشتی، مانگی دەستکرد یان نەیزەک بێت، کە خێراییەکەی دەکرێت بگاتە 28 هەزار کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بەهۆی لێکخشانی لەگەڵ گەردەکانی هەوا و پەستانی هەواوە، گەرمایەکی زۆر لەسەر رووی دروست دەبێت کە دەکرێت بگاتە سێ هەزار پلەی سیلیزی، بۆیە ئەگەر بە چینێکی گەرمبڕ دانەپۆشرابێت، لە ئاسنیش دروستکرابێت، دەتوێتەوە. 
 
دوای شکستهێنانی، کۆزمۆس 482 بۆ چەند پارچەیەک لێکهەڵوەشایەوە. یەکێک لە پارچەکان لە بەشی سەرەکیی مووشەکەکە و کەشتییەکە پێکهاتبوو. بەشە سەرەکییەکە پێنجی ئایاری 1981 گەڕایەوە نێو بەرگەهەوا، بەڵام کەشتییەکە 53 ساڵ لە خوولگە مایەوە تاوەکو ئەمڕۆ کەوتە خوارەوە. 
 
بەهۆی ئەوەی کۆزمۆس 482 بۆ ئەوە دروستکراوە کە بەرگەی پلەی گەرمای بەهێزی ڤینۆس بگرێت، چاوەڕێدەکرێت بە تۆکمەیی مابێتەوە. بە گوێرەی پەیماننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر پاشماوەیەکی کەشتییەکە بدۆزرێتەوە، موڵکی رووسیا دەبێت.