کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە 'بە مسۆگەری' دیپۆرت دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "خۆگونجاندنێکی باش"ی پەناخوازە رەتکراوەکان نابێتە مەرج بۆئەوەی مافی مانەوە لە ئەڵمانیا بەدەستبهێنن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مافی مانەوەی سنووردارکراو تەنیا دواخستنێکە بۆ دیپۆرتکردنەوە.
فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا هۆکارەکانی گەڕاندنەوەی پەناخوازە رەتکراوەکانی لە ئەڵمانیاوە خستەڕوو.
بەگوێرەی فەرمانگەکە، ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا وەرنەگرتووە، "بە مسۆگەری" دیپۆرتی ئەو وڵاتانە دەکرێنەوە کە لێوەی هاتوون، یان دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتە بنەڕەتییەکانیان.
بەپێی ئامارەکانی کۆچ و پەنابەرانی وڵاتە ئەورووپییەکە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی دەچنە ئەڵمانیا.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، هەزار و 480 عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا کردووە. ئەو پەناخوازانەی مافی مانەوەیان وەرنەگرتووە، تەنیا بۆ ماوەیەکی نادیار پەسند دەکرێن و تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی وڵاتەکەیان دەکرێت، لە ئەڵمانیا دەحەوێندرێنەوە.
لەسەر جیاکاریکردن لەنێوان پەناخوازانی سووریایی و عێراقی، کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا گوتی، "هەمیشە تەنیا چیرۆکی هەڵاتنی تاکەکەسی هەڵدەسەنگێندرێت. نەتەوە یان وڵات راستەوخۆ نابنە هۆکاری وەرگرتنی پێگەی پاراستن یان رەتکردنەوەی داوای پەنابەری."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر مەترسییەک لە وڵاتی پەناخوازە رەتکراوەکاندا هەبێت، ئەو کاتە دیپۆرتکردنەوە دوادەخرێت؛ دەشڵێت، هەر کەسێک مافی مانەوەی وەرنەگرتبێت، دیپۆرت دەکرێتەوە.
فەرمانگەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە فێربوونی زمانی ئەڵمانی و دەستکەوتنی کارێک نابنە مەرجی وەرگرتنی مافی مانەوە و رایگەیاند: "خۆگونجاندنێکی باش کاریگەری" لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازەکە نابێت.
لە بارەی کەسە دیپۆرتکراوەکانیش گوتی، پێدانی مافی پەنابەری لە دەستی بڕیاردەرانی فەرمانگە هەرێمییەکاندایە. ئەو فەرمانبەرانە لە چاوپێکەوتنی پەناخوازاندا گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگرن و بڕیار دەدەن. جەختیشی کردەوە، ناسنامە یان وڵات بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسی پەنابەری گرنگ نییە، بەڵکو تەنیا کەیسی تاکەکەسی و هۆکارەکانی کۆچی ئەو لەبەرچاو دەگیرێن.