پاکستان و هیندستان هێرشیان کردەوە سەر یەکدی

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی هیندستان سێ بنکەی هێزی ئاسمانیی پاکستانی کردە ئامانج، پاکستان بە درۆن هێرشی کردە سەر هیندستان و گرژییەکەی نێوانیان زیاتر بوون. ئەمریکا پلانی هەیە دوو وڵاتەکە لەسەر یەک مێز کۆبکاتەوە.
 
رۆژی شەممە 10-05-2025 سوپای هیندستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پاکستان چەند هێرشێکی نوێی کردووە و گوتی: "ئەوان بە شێوەیەکی روون گرژییەکان زیاد دەکەن؛ بە درۆن و چەکی دیکە هێرش دەکەنە سەر سنووری رۆژئاوامان".
 
سوپای هیندستان گوتی: "چەندین درۆنی دووژمن لە ئاسمانی هیندستان بینران و راستەوخۆ لەلایەن یەکە بەرگرییەکانمانەوە خرانە خوارەوە."
 
چەند کاژێرێک پێش ئەو هێرشەی پاکستان کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە [بەکاتی هەولێر] کردی، ئەحمەد شەریف چۆدری، گوتەبێژی سوپای پاکستان رایگەیاند، هیندستان پێشتر "بە مووشەک" سێ بنکەی هێزی ئاسمانیی پاکستانی بە ئامانج گرتووە، بۆیە وەڵامیان داوەتەوە.
 
چۆدری رایگەیاند: "زۆربەی مووشەکەکان خرانە خوارەوە."
 
دوو وڵاتەکەی باشووری ئاسیا لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە هێرش دەکەنە سەر یەکدی؛ ئەوەش دوای ئەوە هات لە هەرێمی کشمیری کێشە لەسەری نێوانیان، 26 گەشتیاری زۆرینە هیندۆس لە بەشی هیندستان بە دەستی چەکدارانی دوو گرووپی پاکستانی کوژران. نیو دەلهی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسلام ئاباد درێژکرد و هێرشی کردەسەر. 
 
لەم چەند رۆژەدا چی روویدا؟
 
- رۆژی 22-04-2025: لە ناوچەی پەهلگام لە کشمیر، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک گەشتیار کە زۆرینە هیندۆس بوون، 26 کەسیان کوشت. هیندستان گوتی پاکستان "پشتیوانیی لە چەکدارەکان کردووە" و پاکستان رەتی کردەوە.
 
- رۆژانی 24 و 25-04-2025: هێزەکانی هیندستان ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و لێکۆڵینەوەیان لە پەهلگام کرد و خانووی چەند چەکدارێکی گومانلێکراویان رووخاند. شەڕە تەقە لەسەر هێڵی نێوان کشمیری هەردوولا دروستبوو.
 
- رۆژی 01-05-2025: پاکستان گوتی، هیندستان خۆی بۆ هێرشکردن ئامادە دەکات.
 
- رۆژی 06-05-2025: هیندستان "ئۆپەراسیۆنی سیندوور"ـی راگەیاند و یەکەم هێرشی ئاسمانی کردە سەر پاکستان. لە هێرشەکەدا 9 بنکەی پاکستان کرانە ئامانج. پاکستان گوتی پێنج فڕۆکەی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە و شەڕە تۆپ لە کشمیر روویدا.
 
- رۆژی 08-05-2025: پاکستان رایگەیاند 12 درۆنی هیندستانییان خستووەتە خوارەوە کە ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندبوو. پاکستان بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر چەند شارێکی هیندستان، لەوانەش ئامریتسار. هیندستان سیستمی بەرگریی S-400ـی دژی مووشەکەکان چالاککرد.
 
- رۆژی 10-05-2025: پاکستان رایگەیاند، هیندستان بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر سێ بنکەی هێزی ئاسمانی و بە درۆن وەڵامی دایەوە.
 
- لە تەواوی پێکدادانەکاندا تاوەکو ئێستا: لانیکەم 16 سڤیل و 3 سەربازی هیندستانی کوژراون و 59 سڤیل و دوو سەربازیش برینداربوون. لە پاکستانیش لانیکەم 35 سڤیل کوژراون هەروەها 58ـی دیکە برینداربوون.
 
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی پاکستان دەڵێت، تاوەکو 24 کاژێری دیکە "ئاسمانی پاکستان بۆ هەر جۆرە فڕین و گەشتێک بە داخراوی دەمێنێتەوە". لە بەرامبەردا هیندستان 24 فڕۆکەخانەی داخست و دەوامی قوتابخانەکانی نزیک ناوچەکانی شەڕی راگرت.
 
هەرێمی کشمیر مێژوویەکی درێژی کێشەی نێوان هیندستان و پاکستانی هەیە، هەردوو وڵات هێڵێکیان کێشاوە و هەریەکەیان بەشێکی کۆنترۆڵکردووە. زۆربەی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لەسەر ئەو هێڵەی نێوانیان روودەدەن کە پێی دەگوترێت (‌هێڵی کۆنترۆڵ – LoC). بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوانیان، نابێت هیچ کامیان بچێتە ئەودیوی هێڵەکە.
 
پێکدادانی نێوانیان کە درۆن، مووشەک، شەڕەتەقە و تۆپی لێکەوتووەتەوە، خراپترین پێکدادانی چەند دەیەی رابردووی نێوانیانە.
 
سەرکردەکانی جیهان، لەوانەش گرووپی 7 داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن، ئەمریکاش پێشنیازی کردووە هەردوو لایەنە شەڕکەرەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە.
 
یەکێک لەو بنکانەی پاکستان کرایە ئامانج ناوی (نورخان)ـە و لە شاری رەواڵپەندییە، ئەو شارەی کە بارەگای سەرەکیی سوپای پاکستانی لێیە و نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ئیسلام ئابادی پایتەختەوە دوورەوە. چەند کاژێرێک پێش ئەو هێرشە عادل جوبەیر، وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری دەرەوە لەو بنکەیە بوو.
 
ئەحمەد شەریف چۆدری هەڕەشەی لە هیندستان کرد و گوتی: "چاوەڕێی وەڵاممان بکەن."
 
لەگەڵ ئەوەی خەریکە ئاگری جەنگێکی گەورە ناوچەکە دەکوڵێنێت، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیازی کرد ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیی کەمکردنەوەی گرژییەکان بدات.
 
روبیۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان کرد. تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو پەیوەندییە گوتی: "وەزیری دەرەوە داوای لە هەردوو لایەن کرد گرژییەکان کەمبکەنەوە، پێشنیازی کرد ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە کۆکردنەوەی دوو وڵاتەکە و دەستکردن بە گفتوگۆ، بۆ ئەوەی رێگە لە پێکدادانی زیاتر بگیرێت."
 
کشمیری کێشەلەسەر
 
شەڕی نێوان دوو زلهێزەکە کە هەردووکیان خاوەنی چەکی ئەتۆمن، دوای کوژرانی 26 گەشتیار هات لە هەرێمی کشمیر. هیندستان رایگەیاند، گرووپی چەکداریی (لەشکری تەیبە) کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە "تیرۆریست" ناسێنراوە، هێرشەکەی کردووە. پاکستان رەتی کردەوە هیچ دەستوەردانێکی کردبێت و داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لەو رووداوە بکرێت.
 
لە دوای ساڵی 1947 و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە بەریتانیا، دوو وڵاتەکە لەسەر کشمیری زۆرینە موسڵمان چەند جەنگێکیان کردووە و ئێستا هەریەکەیان پارچەیەکی هەرێمەکەی لەژێر دەسەڵاتدایە. 
 
پێشتر هەر شەڕ و پێکدادانێک هەبووبێت، لە دەوروبەری ‌(هێڵی کۆنترۆڵ) بووە، بەڵام ئەمجارە هیندستان چەند شارێکی نێو پاکستانی کردە ئامانج.
 
دوێنێ هەینی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، هیندستان خەریکە "بێباکانە" دوو وڵاتەکە دەخاتە نێو جەنگەوە.
 
هەر دوێنێ نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئاسایش و بەرگری کۆبووەوە، لەوانەش وەزیری بەرگری، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە.