ترەمپ لە بەیژینگ؛ ئایا شی جینپینگ کلیلی کردنەوەی تەنگەی هورمزی پێیە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نێوەندی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، دۆناڵد ترەمپ روو لە بەیژینگ دەکات؛ چاوی جیهان لەسەر ئەوەیە ئایا چین گوشار دەخاتە سەر ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمز، یان کارتە ئابوورییەکانی دژی ئەمریکا بەکاردەهێنێت.
 
بڕیارە رۆژانی 14 و 15ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیژینگ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە. ئەم لووتکەیە لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران و ئەمریکا هاوکێشەکانی ناوچەکەی گۆڕیوە و واشنتن دەیەوێت بەیژینگ وەک نێوەندگیرێک یان کارتی گوشار دژی تاران بەکاربهێنێت.
 
مامەڵەی 'واقیعبینانە'ی بەیژینگ
 
چین بە وریاییەکی زۆرەوە چاوەڕێی گەشتەکەی ترەمپ دەکات. شارەزایان پێیانوایە بەیژینگ تەنیا لە حاڵەتێکدا مل بۆ داواکارییەکانی ترەمپ دەدات کە واشنتن باجە قورسە گومرگییەکان (کە هەندێکیان گەیشتوونەتە 145%) کەم بکاتەوە.
 
یو سو، لە ناوەندی "ئێکۆنۆمیست ئینتێڵێجێنس" دەڵێت، "چین دەیەوێت لانی کەم چەند ئەنجامێکی بەرجەستە لەم لووتکەیە بەدەستبهێنێت تاوەکو پێگەی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا بپارێزێت."
 
جەنگی ئێران؛ گرێکوێرەی سەر مێزی گفتوگۆ
 
ئیدارەی ترەمپ پێش گەشتەکە پەیامێکی تووندی بۆ بەیژینگ ناردووە، "ئەگەر هاوکاریی سەربازیی ئێران بکەن، باجێکی نوێی 50٪ دەخەینە سەر هەموو کاڵا چینییەکان."
 
لە کاتێکدا بەیژینگ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە "نایاسایی" دەزانێت، بەڵام هاوکات نیگەرانە لە داخستنی تەنگەی هورمز؛ چونکە ئابووریی چین بەهۆی گرانیی نەوتەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. لیزی لی، لە پەیمانگەی "ئاسیا سۆسایتی" پێیوایە چین بە ئاسانی پشت لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی (ئێران و رووسیا) ناکات و هەژموونی بەسەریاندا "سنووردارە."
 
کارتە بەهێزەکانی چین؛ 'کانزا دەگمەنەکان'

چین بە دەستێکی پڕەوە دەچێتە نێو دانوستاندنەکان، گرنگترین کارتەکانی بریتین لە:
 
- کانزا دەگمەنەکان: چین کۆنتڕۆڵی ئەو ماددانەی کردووە کە بۆ دروستکردنی مۆبایلی  زیرەک و ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێویستن. جۆ مازوور، شارەزا لەو بوارە دەڵێت: "ترەمپ زۆر لەم کارتە دەترسێت، چونکە ئەمریکا هیچ جێگرەوەیەکی نییە."
 
- کڕینی بەرهەمەکان: ئەگەری هەیە چین وەک "دیارییەک" بۆ سەرکەوتنی لووتکەکە، گرێبەستی کڕینی فڕۆکەکانی بۆینگ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان واژۆ بکات،  تاوەکو ترەمپ لە (ترووس سۆشیاڵ) وەک سەرکەوتنێک بڵاوی بکاتەوە.
 
پەیوەندییەکانی ئەم دوو زلهێزە لە ساڵی 2016ـەوە لە قەیراندایە. ئێستا کە ترەمپ لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدایە و نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، پێویستی بە رێککەوتنێکە بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکان.
 
لە بەرامبەردا، بەیژینگ نایەوێت هەموو هێلکەکانی بخاتە ناو سەبەتەکەی ترەمپەوە؛ بڕیارە بەمزووانە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیاش سەردانی چین بکات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بەیژینگ خەریکی بەهێزکردنی بەرەی "باشووری جیهانە."
 
ئەم لووتکەیە تەنیا دیدارێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو چارەنووسی بازاڕی وزە و ئاسایشی جیهان بۆ چەندین مانگی داهاتوو دیاری دەکات.