ترەمپ وەڵامەکەی ئێرانی رەتکردەوە: بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامی تاران بۆ پێشنیازەکەی واشنتن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ بە دڵی ئەو نییە و بە "تەواویی قبووڵنەکراو" وەسفی کرد.
 
ترەمپ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی: "ئێستا وەڵامی ئەو کەسانەم خوێندەوە کە بەناو 'نوێنەرانی' ئێرانن. بە دڵم نییە و بە تەواوی قبووڵنەکراوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا تەنیا نووسیویەتی: "سوپاس بۆ سەرنجدانتان بۆ ئەم بابەتە،" بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هەنگاوەکانی داهاتووی وڵاتەکەی بکات یان بڵێت ئایا دەرگەی دانوستاندنەکان دادەخات یان نا.
 
ئەم هەڵوێستە توندەی ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت، تاران لەرێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامێکی چەند لاپەڕەیی بۆ پێشنیازە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا نارد. بەپێی زانیارییەکان، ئێران لە وەڵامەکەیدا داوای گەرەنتیی تووندی کردووە و چەندین مەرجی بۆ پاشەکشە لە دۆسیە ئەتۆمییەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز داناوە، کە وا دیارە لەگەڵ هێڵە سوورەکانی واشنتندا یەکناگرنەوە.
 
رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، وەڵامەکەی ئێران داواکارییەکانی ئەمریکای لەسەر یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی جێبەجێ نەکردووە. لەبری ئەوە، ئێران پێشنیازی کردووە جەنگ رابگیرێت و بە پلەبەندی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بکرێتەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکاش گەمارۆی سەر بەندەر و کەشتییە ئێرانییەکان لابدات.
 
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، تاران پێشنیازی کردووە دۆسیە ئەتۆمییەکان لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا دانوستاندنیان لەسەر بکرێت. هەروەها ئێران ئامادەیی نیشانداوە بەشێک لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێندراوەکەی خاو [روون] بکاتەوە (Dilute) و ئەوەی دیکەشی بۆ وڵاتێکی سێیەم بگوازێتەوە؛ بەڵام بەو مەرجەی گەرەنتی بدرێت، ئەگەر دانوستاندنەکان شکستیان هێنا یان ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە، یۆرانیۆمەکە بۆ تاران بگەڕێندرێتەوە.
 
جۆرناڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران رازی بووە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورتتر لەو 20 ساڵەی کە ئەمریکا داوای دەکات. هاوکات تاران بە تووندی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی رەتکردووەتەوە.
 
لە بەرامبەردا، ئاژانسی (تەسنیم)ـی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو وردەکارییانەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردوونەتەوە، لە چەندین بەشی گرنگدا "ناڕاستن." ئەو سەرچاوەیە دووپاتیکردەوە، زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە سەبارەت بە مادە ئەتۆمییەکان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات، واقیع نین.