راپرسییەک: زۆرینەی ئەمریکییەکان لە ترەمپ بێزارن

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ کە ساڵی 2024 بە بەڵێنی ئابوورییەکی بەهێز و باشکردنی بژێوی ژیان گەڕایەوە کۆشکی سپی، ئێستا لەنێو "گێژاوی" جەنگی ئێران و گرانیی سووتەمەنیدا گیری خواردووە؛ راپرسییەکی نوێش دەریدەخات پێگەی ترەپم لەنێو دەنگدەراندا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە.
 
بەگوێرەی ئەنجامەکانی راپرسییەکی نوێی رۆژنامەی "فینانشیاڵ تایمز" کە کۆمپانیای (Focaldata) کردوویەتی، زیاتر لە 58٪ـی ئەمریکییەکان لە شێوازی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ هەڵاوسان و گرانیی تێچووی ژیان ناڕازین. هەروەها 55٪ـی بەشداربووان پێیانوایە باجە قورسەکانی ترەمپ لەبری سوود، زیانی گەورەیان بە ئابووریی ئەمریکا گەیاندووە.
 
لە کاتێکدا ترەمپ جەخت لە دابەزینی نرخی سووتەمەنی دەکاتەوە، بەڵام ئامارەکان راستییەکی دیکە دەخەنەڕوو. ئێستا تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزین لە ئەمریکا گەیشتووەتە 4.60 دۆلار، کە 50٪ لە نرخی پێش جەنگی ئێران گرانترە.
 
ئەم گرانییە تەنانەت درزی خستووەتە نێو بنکەی جەماوەریی ترەمپ (MAGA) و وایکردووە متمانەیان بە بەڵێنە ئابوورییەکانی سەرۆک نەمێنێت. تەنیا یەک لەسەر چواری خەڵک پێیانوایە سیاسەتە بازرگانییەکانی ئەو سوودی هەبووە.
 
جەنگی ئەمریکا دژی ئێران، بووەتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز و دروستبوونی قەیرانی وزە لە جیهاندا. راپرسییەکە ئاشکرای دەکات کە 54٪ـی خەڵک لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە لەلایەن ترەمپەوە ناڕازین.
 
تەنانەت لەنێو پارتی کۆماریشدا، لە هەر پێنج ئەندام یەکێکیان دژی هەنگاوە سەربازییەکانی سەرۆکن. ئەم دۆخە وایکردووە پارتی دیموکرات بە جیاوازیی 8 خاڵ لەپێش کۆمارییەکانەوە بێت، ئەمەش رێگە بۆ دیموکراتەکان خۆش دەکات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤێمبەردا زۆرینەی کۆنگرێس بباتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ کە دروشمی "ئەمریکا لەپێش هەموو شتێک"ی بەرزکردووەتەوە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. کۆشکی سپی دەڵێت بڕیارەکانی سەرۆک بۆ کەمکردنەوەی باج و رێکخستنەوەی کەرتی وزە لە درێژمەودادا ئابووری رزگار دەکەن، بەڵام دەنگدەران کە ئێستا لەژێر گوشاری گرانیدان، چاوەڕێی "ئاشتییەکی خێرا" و هەرزانی دەکەن.
 
ئەگەر ترەمپ نەتوانێت پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول بازاڕەکان ئاسایی بکاتەوە، رەنگە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی ساڵی 2024 بەدەستی هێنا، لە نێو سندووقەکانی دەنگدانی کۆنگرێسدا لەدەستی بدات.